ڤیدیۆ؛ تێرشتیگن بارسێلۆنای لە دۆڕانێکی گەورە رزگارکرد

17-09-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
رووداو-هەولێر 

یەکەم دەرکەوتن و یەکەم تاقیکردنەوەی قورس لە سەرەتای وەرز بۆ دوو تیپی گەورەی ئەوروپا ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبوو، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و بۆرووسیا دۆرتموند بەبێ گۆڵ یەکسان بوون و خاڵەکانی یارییەکەیان دابەشکرد.

لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و لە گەڕی یەکەمدا، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی بارسێلۆنای کرد و یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە نیوەی یەکەمدا بۆرووسیا دۆرتموند باشتر بوون، بەڵام یانەی بارسێلۆنا لەو گێمەدا هیچ لێدانێکی بۆ نێو گۆڵی یانەی دۆرتموند نەبوو، کە ئەمە لە مانگی شوبات ساڵی 2018ـەوە ئەمە رووینەداوە، ئەو کات بەرامبەر چێڵسی روویدا.

لە نیوەی دووەمی یارییەکەشدا بۆرووسیا تا دەهات باشتر دەبوون و چەندین هەلی مەترسیداریان بۆ سەر گۆڵی مارک ئاندرێ تێرشتیگن هەبوو، بەڵام ئەو بوێرانە بەرپەرچی دانەوە و نەیهێشت تۆڕەکەی بهەژێت، لە گرنگترین رووداوی یارییەکەشدا مارکۆ رۆیسی کاپتنی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لێدانێکی سزای لەدەستدا و شتیگن تۆپەکەی گرتەوە، تێرشتیگن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا 6 لێدانی سزا لە دژی تیپەکەی هەژمارکراوە و 4ـی گەڕاندووەتەوە، تاکە گۆڵپارێزە لە ماوەی 19 ساڵی رابردوودا ئەو کارەی کردبێت.

یارییەکەش بەیەکسانی بە بێ گۆڵ کۆتاییهات، لە کۆمەڵەی شەشەمدا هەریەکە لە یانەکانی بارسێلۆنا، بۆرووسیا دۆرتموند، ئینتەرمیلان و سلاڤیا پراگ بەیەکەوە شەڕ لەسەر دوو بلیتی قۆناخی داهاتوو دەکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە