یاریزانێکی کورد دەیەوێت جامی سوپەری ئەڵمانیا بباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یاریی جامی سوپەری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و یەکەم دووەمی وەرزی رابردووی بوندێسلیگا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
کاژێر 21:30 لە یاریگەی بای ئارێنا، هەردوو یانەی بایرلیڤەرکوزن، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەڵمانیا و شتوتگارت، دووەمی وەرزی رابردووی خولەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی جامەکە.
 
یانەی بایرلیڤەرکوزن هەرگیز ئەم جامەی نەبردووەتەوە و دەیەوێت لە دەستپێکی وەرزی نوێدا بەبردنەوەی نازناوەکە درێژە بە ئاستبەرزییەکەی بدات و ئامادەیی خۆی بۆ وەرزی نوێ دووپاتبکاتەوە.
 
یانەی شتوتگارت لە 1992 نازناوەکەی بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بردووەتەوە، ئەمشەو بەسەرکردایەتی دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی باکووری کوردستان چاوی لە دووبارەکردنەوەی مێژوو و بردنەوەی نازناوی دووەمی جامی سوپەری ئەڵمانیایە.
 
وەرزی رابردوو هەردوو یانە دوو یارییان لە خولی ئەڵمانیادا ئەنجامدا، هەردوو یارییەکەیان بەیەکسانبوون کۆتاییهات، لە جامی ئەڵمانیادا بایرلیڤەرکوزن لە قۆناخی هەشت شتوتگارتی کردە دەرەوە و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەو یانەیەی بردەوە.