هەواڵەکان لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە خۆش نین

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای دوورکەوتنەوەیەکی زۆر و چاوەڕوانییەکی درێژ، وادەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ نێو یاریگەکان ئاشکرابوو.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 بەرامبەر کۆڵۆمبیا تووشی پێکانێکی سەخت بوو لە پاژنەی پێیدا و بەهۆیەوە ماوەیەکی درێژە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی کە لەدوای ئەو پێکانەی مانگی تەمموزی رابردوو تووشی بوو، بەردەوامە لە پرۆسەی چاکبوونەوە، بەڵام لانیکەم پێویستی بە دوو هەفتەی دیکە دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ یاریکردن.
 
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی مەیامی هیرالدی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، و نزیکە لە یانەی ئینتەرمەیامی، ئاماژەی بەوەکردووە، مێسی کە لە 2ـی حوزەیرانی 2024ـەوە بەرامبەر سان لویس لە خولی تۆپی پێی ئەمەریکا بەشداری یارییەکانی تیپەکەی نەکردووە، هەفتەی داهاتووش ناگەڕێتەوە بەهۆی ئەو پێکانە سەختەی لە پاژنەی پێیدا تووشی بووە.
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، مێسی دوای پێکانەکەی چەند هەفتەیەک پێڵاوی پارێزەری لەپێکردووە، دواتر هەفتەی رابردوو لێی رزگاری بوو، هەروەها لەگەڵ راهێنەرێک کە پسپۆڕە لە توانای جەستەیی، لە هۆڵی وەرزشی راهێنان دەکات، بەڵام تاوەکو رۆژی دووشەممە، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە هیچ مەشقێکی لە یاریگادا نەکردبوو، ئەمەش واتا گەڕانەوەی دووبارە دوادەخرێتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێوەیەکی گشتی یاریزانە پێکراوەکان کاتێک دەگەنە دۆخێکی باشتر، پێویستییان بە لانیکەم هەفتەیەک هەیە، لەوانەیە کەمێک زیاتریش، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان لەنێو یاریگادا، پێش ئەوەی پەیوەندی بە مەشقە بەکۆمەڵەکانەوە بکەن.
 
بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن تاتا مارتینۆی هاونیشتیمانیی مێسی، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی پشتڕاستکراوەتەوە، لیۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەتوانێت بگەڕێتەوە.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، مێسی ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەی نێوان ئینتەرمەیامی و سینسیناتی لە 25ـی ئابدا بکات، بەڵام ئەگەری هەیە بۆ 31ـی ئاب ئامادەبێت، کاتێک ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر شیکاگۆ فایەر یاری دەکات.
 
لەو کاتەوەی لە 15ـی تەمموزی رابردوودا لە یارییەکەی نێوان ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024، کە ئەرجەنتین بەئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بە پێکان رۆیشتە دەرەوەی یاریگە، لیۆنێل مێسی بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە، و 7 یاری لەدەستچووە، 4 یاری بۆ یانەکەی لە جامی خولەکاندا و 3 یاریی دیکەش لە خولی ئەمریکیدا.
 
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەگەر مێسی لە 31ـی ئاب بەرامبەر شیکاگۆ فایەر بەشداری نەکات، ئەوا کاتێکی باشی لەپێشە بەهۆی ماوەی پشووی دوو هەفتەیی خولی تۆپی پێی ئەمریکی.
 
ئەرجەنتین دوو یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە 5ـی ئەیلوول بەرامبەر چیلی لە بوینس ئایرێس و پاشان بەرامبەر کۆڵۆمبیا لە 10ـی ئەیلوول ئەنجام دەدات لە بارانکویلا.
 
میدیاکانی ئەرجەنتین باس لەوە دەکەن کە مێسی هیوادارە لەم دوو یارییەدا بەشداری بکات، بەڵام ئەوە بەندە بە راددەی وەڵامدانەوەی بۆ ئاستی توانای جەستەیی و راهێنانی تاکەکەسی لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا.
 
ئینتەرمەیامی دوای گەڕی 25ـی خولی ئەمریکی، بە کۆکردنەوەی 53 خاڵ لە 16 بردنەوە و 4 دۆڕان و 5 یەکسانبوون پلەی یەکەمی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە