عەدنان درجال قبوڵ ناکات هەڵبژاردەی خانمانی عێراق 172ـەمینی جیهان بێت

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی خانمانی عێراق عەدنان درجال
A+ A-
رووداو هەولێر

لیژنەی خانمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پلانی گەڕانەوەی هەڵبژاردەی عێراق و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشی ئاشکراکرد.
 
لە دوایین پلەبەندی فیفا هەڵبژاردەی خانمانی عێراق پاشەکشەیەکی زۆری کردووە و لە کۆی 194 هەڵبژاردە، عێراق لە پلەی 172ـی ریزبەندییەکەدایە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دروستکردووە.
 
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ لیژنەی خانمانی فیدراسیۆنەکەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و داوای پلانێکی تۆکمە و بەهێزی بۆ گەڕانەوە نێو ململانێ لێکردن.
 
رەشا تاڵب، سەرۆکی لیژنەی خانمان، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئەو پاشەکشەیەی دەبیندرێت پەیوەندی بە فیدراسیۆنەوە نییە، بەڵکو ئێمە خۆمان ماوەیەکی زۆرە خولی کارگێڕیی و راهێنەرایەتیمان نەبووە و هەڵبژاردەکەمان بەشداری هیچ پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەی نەکردووە".
 
لیژنەی خانمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە دوو وەرزی رابردوو خولی تۆپی پێی خانمانی لەنێو یاریگەی گەورەدا کردەوە، دوو وەرزیشە بەشێوەیەکی بەردەوام خولی فوتساڵی کچانی عێراق سازدەکات.
 
بەرپرسی خانمە یاریزانانی عێراق، زیاتر روونیکردەوە "دەمانەوێت بە زۆرترین چالاکی و پاڵەوانێتیی بناخەیەکی بەهێز بۆ داهاتوو بنیات بنێین، لە ماوەیەکی کورت توانیمان 4 هەڵبژاردەی جیاواز دروستبکەین و دەمانەوێت تۆپی پێی خانمان زۆر پێشبخەین".
 
ڤێرا ماریا، خانمە راهێنەری پۆرتوگالی سەرپەرشتی هەڵبژاردەکانی عێراق بۆ پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دەکات، ئەم راهێنەرە لە هەنگاوی یەکەمی کارەکانیدا چووە هەموو شارەکانی عێراق و کچە یاریزانانی تاقیکردەوە، لە پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە 17 کچە یاریزان کوردن.
 
رەشا تاڵب، لەبارەی بەشدارییەکانی دەرەوەیان گوتی "لە ناوەڕاستی مانگی 9ـی ئەمساڵ پاڵەوانێتیی فوتساڵی کچان لە شاری بەغدا بەڕێوەدەبەین، دواتر راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بە کەمپی ناوخۆیی و دەرەوە دەستپێدەکەن، مانگی دوازدە بەشداری پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا دەکەین، دواتر لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمجار عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لەسەر ئاستی خانمان دەکات".
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا جارێک نازناوی جامی رۆژئاوای بەسەرکردایەتی شاهیناز یاری راهێنەری کورد بردووەتەوە، ئەمساڵ لیژنەی خانمانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت دەسکەوتەکانی زیاد بکات و لە پلەبەندی جیهانیش بچێتە پلەکانی سەرەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە