ئەمشەو رۆناڵدۆ دەیەوێت یەکەم نازناوی فەرمی لەگەڵ نەسڕ بباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 19:15 لەسەر یاریگەی میر سوڵتان عەبدولعەزیز لە شاری ئەبها، یانەی هیلال و نەسڕ یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودی ئەنجام دەدەن.
 
یانەی هیلال بەسەرکردایەتی میترۆڤیچ خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەسڕی رکابەرە سەرەکییەکەی و هەوڵدەدات لە یەکەم پاڵەوانێتی وەرزی نوێی تۆپی پێی سعودیەدا نازناوێک بباتەوە. یانەی نەسڕیش هەوڵدەدات بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی فەرمی بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
یانەی هیلال سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی دوای ئەوەی توانی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە ئەهلی جدە بباتەوە، نەسڕیس 2-0 لە تەعاونی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
 
سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو هیلال باڵادەستی بەسەر نەسڕدا هەبوو، و سێ نازناوەکەی بردەوە، بەڵام لە سیناریۆیەکی شۆکهێنەر دەترسێت.
 
ئامادەنەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی کاپتنی یانەی نەسڕ لە دوایین مەشقدا کە تیپەکەی ئەنجامدا، نیگەرانی لای هاندەرانی نەسڕ دروستکردووە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە دەڵێن ئەو ئەستێرەیە بەتەواوی ئامادەیە بۆ یارییەکە و هەوڵدەدات یەکەم نازناوی فەرمی خۆی لەگەڵ یانە سعودییەکە بەدەستبهێنێت.
 
ئەو سەرچاوانە، دووپاتی دەکەنەوە کە بەشداری نەکردنی رۆناڵدۆ لە دوایین مەشقدا، لەسەر داوای خۆی بووە، چونکە هەستی بە ماندووبوون کردووە و دەڵێن "کاسترۆی راهێنەری نەسڕ لە یارییەکەدا پشت بە کریستیانۆ دەبەستێت".
 
یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیواخوازن سنوورێک بۆ باڵادەستی یانەی هیلال دابنێن، کە لە ساڵی 2024 چوارجار رووبەڕوویان بوونەتەو و نەیانتوانیوە لە هیلال ببەنەوە، سێ جار دۆڕاون و یەک جاریش یەکسانبوونە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ بەرامبەر هیلال ئامارەکانی زۆر خراپن، 5 یاری بەرامبەر ئەو یانەیە کردووە، نەیتوانیوە هیچ یارییەکی لێبباتەوە و هیچ گۆڵیشی نەکردووە، دوو کارتی زەرد و کارتێکی سووری وەرگرتووە.