یاریزانێکی پرێمەرلیگ لەبەر هەوکردنی گوێیەکانی دوورخرایەوە

 

رووداو دیجیتاڵ
ئیریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد رایگەیاند، جادۆن سانچۆ لەبەر هەوکردنی گوێی لە یارییەکەی دوێنێ شەوی فولهام دوورخرابووەوە.

لە وەڵامی پرسیاری میدیاکان دەربارەی بانگهێشتنەکردنی سانچۆ، بۆ یارییەکەی دوێنێ شەو، تین هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد گوتی "بۆچی سانچۆ دوورخرابووەوە؟ ئەم هەفتەیە ئەو یاریزانە تووشی هەوکردنی گوێ بووە و بەو هۆکارە 100% ئامادە نەبووە"
 
زیاددەکات و دەڵێت "ئەو دەتوانێت یاریبکات, بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە، لەوانەیە ئەوە بگۆڕێت، لێرەدا کێبڕکێی ئامادەترینەکانە، من بۆم هەیە تەنیا 20 یاریزان بانگهێشتبکەم بۆ یارییەکان"
 
ئەمە لە کاتێکدایە، یانەی مانچێستەر یونایتد بە گۆڵێکی جۆشوا زیرکزی، توانی لە یەکەم یاریدا لە پرێمەرلیگی ئەم وەرزە براوە بێت و سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت سەرەڕای ئامادەنەبوونی کۆمەڵێک ئەستێرەی گرنگی وەک راسموس هۆیلاند، لێنی یۆرۆ و جادۆن سانچۆ.