سێریا ئا دەستپێدەکات.. ئینتەر و میلان گۆڕانکارییان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەستپێدەکەن، یانەی ئینتەرمیلان بە گۆڕانکاری زۆرەوە دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوی خولەکە بکات.
 
لە یەکەم یاریی گەڕی یەکەمی خولەکەدا، کاژێر 19:30 یانەی ئینتەرمیلان، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە بەرامبەر یانەی جێنەوا یاری دەکات و یارییەکە لە یاریگەی لویجی فێرارێس دەبێت.
 
ئینتەرمیلان بۆ وەرزی نوێی سێریا ئا گۆڕانکاریی زۆری کردووە، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە مەهدی تارمی، هێرشبەری ئێرانی کردووە، مارکۆ ئارناوتۆڤیچی کڕییەوە، داڤیدی فراتێسی لە یانەی ساسۆلۆوە گواستەوە، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پیۆتەر زیلینسکی لە یانەی ناپۆلییەوە بردە جۆسێپی میازا.
 
لە یارییەکی دیکەی ئەمشەوی خولەکەدا، یانەی ئەیسی میلان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە سانسیرۆ بەرامبەر یانەی تۆرینۆ یاری دەکات.
 
میلان پاوڵۆ فونسێکای لە شوێنی ستیفانۆ پیۆلی کردووەتەوە راهێنەری یانەکە، رۆسۆنێری گرێبەستی لەگەڵ ستراهینیا پاڤلۆڤیچ، ئێمێرسۆن رۆیال و ئەلڤارۆ مۆراتا واژۆکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە بکات.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە کاژێر 21:45 بەڕێوەدەچێت.