"رۆناڵدۆ دێتە عێراق"

رووداو دیجیتاڵ

 

مەعاز ئەلجەندەل، میدیاکاری بەنێوبانگی سعودی، بە رووداوی گوت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەچێتە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شورتە، چونکە یاریزانێکی پیشەگەرە و رێز لە تۆپی پێ دەگرێت".
 
دوای ئەوەی تیروپشکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی نەسڕی سعودی و یانەی شورتەی عێراقی خستە یەک کۆمەڵەوە، پرسیار هاتە سەر ئەوەی کە ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەی نەسڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شورتە دێتە عێراق یان نا؟ کە بەدڵنیاییەوە عێراقییەکان بەپەرۆشن بۆ هاتنی رۆناڵدۆ بۆ وڵاتەکەیان و بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینن.
 
مەعاز ئەلجەندەل، میدیاکاری بەنێوبانگی سعودی، کە نزیکە لە یانە گەورەکانی خولی رۆشنی سعودی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ گەشتی عێراق دەکات و گوتی "رۆناڵدۆ یاریزانێکی پیشەگەرە و رێز لە تۆپی پێ دەگرێت، بۆیە دڵنیام کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شورتە دەچێتە عێراق".
 
ئەو میدیاکارە سعودیە، سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی نەسڕ و شورتە، گوتی "یارییەکی ئاسان نابێت، چونکە هەمیشە یارییەکانی یانەکانی سعودیە لەگەڵ یانەکانی عێراق زەحمەتن. عێراقییەکان خاوەنی توانایەکی جەستەیی بەهێزن، بەباشی کۆنترۆلی تۆپ دەکەن و لە تۆپی دوور و بەرزیش زۆر باشن، وێڕای ئەوەی عێراقییەکان حەز لە ئاڵنگاری گەورە و بردنەوە لە تیپە بەهێزەکان دەکەن".
 
ئەلجەندەل، پێیوایە یانەی نەسڕ لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە لەگەڵ راهێنەرەکەی، و ماوەی ئامادەکارییەکانی باش نەبووە. بەڵام وەک خۆی گوتی "لەوانەیە بە گەڕانەوەی تالیسکا لە پێکان، دۆخی تیپەکە باشتر ببێت".
 
دوێنێ لە کوالالمبۆری پایتەختی مالیزیا، تیروپشکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا راکێشرا و یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کران، کە نەسڕ و شورتە هاوشانی چەند یانەیەکی دیکەی بەهێزی وەک عەینی ئیماراتی، پێرسپۆلیسی ئێرانی، سەدی قەتەری و هیلالی سعودی یاری دەکەن.