نەیمار لە سعودییەوە: دەمەوێت لێرە مێژوو بنووسمەوە


رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی پاش پەیوەندیکردنی بە یانەی هیلالی سعودی رایگەیاند ئەو بۆ ئاڵنگارییەکی گەورە هاتووەتە سعودیە.
 
نەیمار کە لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندی بەیانەی هیلالەوە کرد و میدیاکان دەڵێن دەبێتە خاوەن دووەم بەرزترین مووچە لە خولی سعودیە، باسی لە هێز و رکابەریی لە خولەکەدا کردووە.
 
نەیمار گوتوویەتی کە ئەو بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە رووی لە خولی سعودیە کردووە، ئەو دەڵێ "من زۆر بەجۆشوخرۆشم، زۆریش دڵخۆشم بە هاتن بۆ خولێکی نوێ. ئەمە ئەزموونێکی نوێ و ئاڵنگارییەکی نوێیە، بێگومان دەمەوێت لێرە مێژوو بنووسمەوە".
 
وەک ئەوەی هەمووان دانیپێدادەنێن، لای نەیماریش، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەو ئەستێرەیەبوو کە چوونی بۆ سعودیە دەرگای بەڕوی هەموو یاریزان و ئەستێرەکانی دیکەدا کردەوە. نەیمار لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی هیلال، دەڵێ لەسەرەتاوە هەمووان بە رۆناڵدۆیان دەگوت شێتە کە چووەتە یانەی نەسڕ، بەڵام ئێستا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت.
 
نەیمار دەڵێ "پێموایە رکابەریی گرنگە. هەرلەبەرئەوەش هاتمە ئەم خولە. روونە کە ئەوەی هەیە گۆڕانێکی تەواو جیاوازە، بەڵام ئاڵنگارییەکی نوێیە. پێموایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەموو ئەمەی دەستپێکرد، ئەوکات هەمووان بەویان گوت شێتە، هەڵەی کردووە و زۆر شتی دیکە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینی کە خولەکە زیاتر و زیاتر گەشە دەکات".
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە کە دوای حەوت ساڵ یاریکردن بۆ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لەو یانەیە هاتە دەرەوە، وەکخۆی دەڵێ، بەجۆشوخرۆشە بۆ رووبەڕبووبوونەوەی ئەو ژمارە ئەستێرەیەی لە ماوەی رابردوودا روویان لە سعودیە کردووە. نەیمار دەڵێ "بەڵێ بەدڵنیاییەوە کارێکی سەرنجڕاکێشە کاتێک ئەم هەموو یاریزانە بە کوالیتییە لە یانەکانی دیکە دەبینی، ئەمە شتێکە مایەی سەرسامیی منە. ئەمە هانت دەدات بۆ ئەوەی باشتر یاریی بکەیت، ئەمە کارێکی ناوازەیە کە تۆ رووبەڕووی رۆناڵدۆ، یان کەریم بنزیما، یان رۆبێرتۆ فیرمینیۆ ببیتەوە، ئەمە وروژانێکی زۆر دروستدەکات، هەرلەبەرئەوەش من زۆر دڵخۆشم بە هاتنم بۆ ئێرە و بۆ ئەم خولە. رووبەڕووبوونەوەی ئەو یاریزانانە جوان دەبێت، زۆر جوان".
 
لەبارەی ترس لە چوونە سعودیە و پرسین لەوەی لەو وڵاتە ژیان چۆنە؟ نەیمار رەتیدەکاتەوە هیچ دوودڵییەکی لەوبارەیەوە هەبووبێت، "من لەگەڵ هیچ کەسێکدا باسم لە شێوازی ژیان لە سعودیە نەکرد. نە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لێرە دەژین و تەنانەت باسی خولەکەشم لەگەڵ کەس نەکرد، بێگومان من گفتوگۆیەکی سەرپێیم لەگەڵ ئەلێکس تێلیس، ماڵکوم و مایکڵ کرد، بەڵام هیچ باسمان لە وڵاتەکە و ژیان لێرە و خولەکەی نەکرد، گفتوگۆکەمان لە سنووری ئەوەدابوو کە من بپرسم، چۆنیت، دەنگوباست، ئەوانیش بپرسن ئەرێ بەڕاست دێیت؟ منیش گوتم بەڵێ بەدڵنیاییەوە. ژمارەیەکی زۆری بەرازیلی دەبنە بینەری خولەکە، ئەمە روونە و منیش لێرە دەبم، پێموایە بەرازیلییەکان ئیدی تەماشای خولەکە و یارییەکانی یانەی هیلال دەکەن و هاندەری دەبن".
 
وەک میدیای سعودی دەڵێن، هەفتەی داهاتوو یانەی هیلال رێوڕەسمێکی گەورە بۆ ناساندنی نەیمار داسێلڤا بە هاندەرانی ساز دەکات کە پێشبینیکراوە ئاهەنگ و فێستیڤاڵێکی گەورە بێت.