رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی بالەی لاوانی عێراق، بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا لە بەحرەین دەکات.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە هەفتەی داهاتوو لە شاری مەنامە دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لەگەڵ هەڵبژاردەکانی بەنگلادش و ئوسترالیا یاری دەکات.
یەکێتیی بالەی عێراق 3 مانگە گرێبەستی لەگەڵ ڤێچێنزۆ ناچی راهێنەری ئیتاڵی واژۆکردووە، ئەم راهێنەرە لە یەکەم تاقیکردنەوەی پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە لەگەڵ عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە سعودیە کرد و پلەی سێیەمی وەرگرت.
ڤێچێنزۆ ناچی، راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی لاوانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "من وەک راهێنەر و هاوکارانم زۆر دڵخۆشین بەو ئەنجامەی لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بەدەستمان هێنا، بەڵام چاومان لە ئەنجامی باشترە و شارەزاییەکی زۆرم لە ئاستی هەموو هەڵبژاردەکانی رکابەرمانە، دوای 3 مانگ زۆر کارکردنم لەگەڵ یاریزانانەکان گەشبینم لە پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا بین و دڵنیام کوالێتی ئەم پێکهاتەیەی تیپەکەم بۆ داهاتووی عێراق زۆر بەهێز دەبن".
هەڵبژاردەی بالەی لاوانی عێراق. ئێستا لەنێو کەمپێکی راهێناندایە لە هەولێر، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو تیپەکە لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشت بەرەو شاری مەنامە بکات.
ئازاد حەسەن، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بالەی عێراق، لەبارەی ئاستی تیپەکەیان بۆ رووداوی روونکردەوە "متمانەیەکی تەواومان بە ئاستی راهێنەر و یاریزانانمان بۆ ململانێکانی ئاسیا هەیە، ئێمە پاڵپشتییەکی تەواوی تیپەکەین و چاوممان لەوەیە نەوەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی بالەی عێراق دروستبکەین".
لەنێو پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی بالەی لاوانی هەریەک لە ئیبراهیم دڵشاد و حەیدەر فوئاد دوو یاریزانی کوردی تیپەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ