پاڵەوانێتی پایسکلسواری عێراق دەستیپێکرد

رووداو دیجیتال 

یارییەکانی پاڵەوانێتیی پایسکلسواری عێراق لە شاری سلێمانی بە بەشداری 35 یانە دەستیانپێکرد و سێ رۆژ بەردەوامدەبێت.

کێبرکێکانی قۆناخی دووەمی کوڕان و قۆناخی یەکەمی کچان لەسەر رێگای دوو کانیان لە شاری سلێمانییە و سێ رۆژ بەردەوامدەبێت، لە دەستپێکی کێبرکێکەدا پێشکەوتووانی کوڕان رکابەری لەسەر بڕینی 120 کیلۆمەتر دەکەن، دواتر لاوانی یانەکان کێبرکێی بڕینی 20 کیلۆمەتر دەکەن. 

موسا موحسین، جێگری سەرۆکی یەکێتیی پایسکلسواری عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " کێبرکێکان بەشێوەیەکی زۆر باش دەستیانپێکرد و ئێمە لە رووی کارگێری و ناوبژیوانانەوە بەشێوەیەکی باش چاودێری تیپە بەشدارەکان دەکەین، لەبەرئەوەی ململانێیەکی بەهێز هەیە لە نێوان یانە بەشدارەکاندا". 

لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە یانەکانی هەولێر و کۆیە بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پلەکانی پێشەوەی یانەکان، لەسەر ئاستی کچانیش یانەی نەورۆز دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکانی ساڵانی رابردووی بکات.

یەکێتیی پایسکلسواری عێراق وەرزی ئەمساڵ پاڵەوانێتیەکە بە سێ قۆناخ تەواو دەکات، شارەزایانی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی عەرەبی لە میسر دەستنیشاندەکەن.