دێر کلاسیکێر.. یارییەک لە پێناو یەکلاکردنەوەی نازناو و نووسینەوەی مێژوودا

17-08-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دۆرتموند و بایرن میونشن
دۆرتموند و بایرن میونشن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یەکەم تاقیکردنەوەی قورس بۆ دوو راهێنەری نوێ، لەپێناو سەلماندنی توانا و هێزدا، لەگەڵ دوو یانەی مێژوویی و رکابەری هەمیشەیی، لە جامی سوپەردا.

دێر کلاسیکێری ئەڵمانیا، بایرن میونشنی پاڵەوانی وەرزی رابردوو و خاوەنی 8 نازناو، بەسەرکردایەتی یولیان ناگلێسمان چاوی لە بەرگریکردنی نازناو دەبێت، کاتێک لە سیگناڵ ئیدونا پارک، رووبەڕووی بۆرووسیا دۆرتموندی خاوەنی 6 نازناو و رکابەری لە مێژینەی دەبێت، کە ئەمیشیان بەهەمان شێوەی باڤارییەکان راهێنەرێکی نوێ سەرکردایەتیان دەکات کە مارکۆ رۆزەیە.

یارییەکە کاژێر 21:30 لەسەر یاریگەی بۆرووسیا دۆرتموند بەڕێوەدەچێت.

دۆرتموند دوای بردنەوەی یاریی یەکەمی بوندێسلیگا و بایرن میونشینش بە یەکسانبوون بەرامبەر بۆرووسیا مۆنشنگلادباخ بە دوو بارودۆخی جیاوازدا تێدەپەڕن، ئەم یارییە تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ هەردوو راهێنەر بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتای وەرزەوە وردەکارییەکانی نێو پێکهاتەکانیان بزانن.

بایرن میونشن لەو کاتەوەی ناگلێسمانی کردووەتەوە راهێنەر هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، راهێنەرە لاوەکە چاوی لەوەیە شریتی بردنەوەکانی بە بەدەستهێنانی نازناوەکە ببڕێت، لە بەرامبەردا دۆرتموند ورە بەرز و تەواو ئامادەیە و نایەوێت جامەکە سیگناڵ ئیدونا پارک بچێتە دەرەوە.

جگە لە رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەی خاوەن مێژوو، جارێکی ئەمە رووبەڕووبوونەوەی دوو گۆڵکاری مەترسیدارە، کە ئێرلینگ هالاند و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکین.

هالاندی 21 ساڵ لە یاریی یەکەمی بوندسلیگادا رێگەی نەدا رۆیشتنی سانچۆ بە تیپەکەیەوە دیاربێت، ئەمشەویش ئەرکی ئەو هەر ئەوە دەبێت، بەتایبەتیش کە یاریزانەکە لە کۆی 41 یارییدا بۆ دۆرتموند 41 گۆڵی تۆمارکردووە و بەهێزترین چەکی یانەکە دەبێت لە یارییەکەی ئەمشەودا.

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، باشترین یاریزانی جیهان، لە 23 رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ دۆرتموند 22 گۆڵی تۆمارکردووە، لە دوایین یاریی نێوانیشیاندا لیڤا هاتریکی لە دۆرتموند کرد، ئەمشەو هاندەرانی باڤاریا چاویان لە قاچەکانی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی جامەکە بۆ ئالیانز ئارێنا.

لە بایرن میونشن لوکاس هێرناندێز و بێنیامین پاڤارد بۆ یارییەکە ئامادەنین، لە دۆرتموند ماتس هەمڵس، تۆماس مونیێ، رافایێل گێرێرۆ، ئێمری جان و تۆرگان هازارد بە ئەگەری زۆر یاریی ناکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە