"خەڵاتی زە بێست گەڕایەوە"

17-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زە بێست فیفا
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆژنامەکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکرد، یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی جیهان لە 2020 پاشگەزبووەتەوە و بڕیاردەدات خەڵاتەکە بدات.

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە مانگی پێنجی رابردوودا بڕیاریدا خەڵاتی زە بێست هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی گوشاری زۆریان خستووەتە سەر فیفا بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "کارل هاینز رۆمێنیگەی سەرۆکی جێبەجێکاری بایرن میونشن زۆر هەوڵی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ داوە بۆ ئەوەی پاشگەزی بکاتەوە، چونکە ئەوان پێیانوایە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکیی هێرشبەری یانەکەیان شایەنترین کەسە بۆ ئەو خەڵاتە".

میدیای ئەڵمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فیفا بەنیازە لە سەرەتای مانگی دەی داهاتوودا ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی زە بێست ئەنجام بدات و لەدوای تەواوبوونی چامپیۆنزلیگ ناوی یاریزانە بەربژێرەکان ئاشکرادەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان دەستپێبکات.

لە وەرزی رابردوودا لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بارسێلۆنا خەڵاتی زە بێستی وەک باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمساڵ تیپەکەی تووشی شکستێکی گەورەبوو، کە دەستبەتاڵ دەرچوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە