ڤیدیۆ؛ راهێنەری نوێ گەیشتە بارسێلۆنا

17-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵد کۆیمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە گەیشتووەتە شاری بارسێلۆنا و چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێری داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێندرێت.

میدیای ئیسپانیا، ڤیدیۆیەکی کاتی گەیشتنی کۆیمانی بۆ فرۆکەخانەی بارسێلۆنا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو راهێنەری داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکەیە و جێگەی کیکێ سیتێن دەگرێتەوە، کە ئەمڕۆ لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی یانەکەی کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت چەند بڕیارێکی گرنگ بدرێن، لەوانەش دوورخستنەوەی راهێنەر و دەستنیشانکردنی کۆیمان بۆ ئەو پۆستە و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی بەشێکی یاریزانەکان.

بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، کۆیمان ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی هەیکەلی نوێی یانەکە و گۆڕانکارییەکان دەکەن.

رۆناڵد کۆیمان تەمەنی 57 ساڵە، لە ساڵی 1989 تاوەکو 1995 وەک یاریزان لە یانەی بارسێلۆنا یارییکردووە، وەک راهێنەر خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە، لە 1997 بە پۆستی یاریدەدەری راهێنەری هۆڵەندا دەستیپێکرد، پاشان لە 1998 تاوەکو 2000 یاریدەدەری راهێنەری بارسێلۆنا بووە.

راهێنەرە هۆڵەندییەکە، لە یانەی ڤیتێس ئارنهایمی هۆڵەندی دەستی بە کارکردن وەک راهێنەر کردووە، لەگەڵ یانەکانی ئایاکس، بێنفیکا، ئایندهۆڤن، ڤالێنسیا، ئەلکمار، فاینۆرد، ساوسامتۆن و ئێڤێرتۆن کاریکردووە، ئێستاش راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە