بەفەرمی.. بارسێلۆنا راهێنەرەکەی دوورخستەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد

چاوەڕواندەکرێت گۆڕانکاری گەورە رووبدات

17-08-2020

21:19

بەفەرمی.. بارسێلۆنا راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە

بارسا سوپاسی سیتێن دەکات

یانەی بارسێلۆنا راگەیێندراوێكی فەرمی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە کە گرنگترین خاڵ لەکارلابردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر و دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی یانەکە بوو.

بارسا لە راگەیێندراوەکە سوپاسی کیکێ سیتێنی کرد کە ماوەی هەشت مانگ راهێنەرایەتیی یانەکەی گرتە ئەستۆ.

ماریا بارتۆمیوی سەرۆکی یانەکە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە تاوەکو هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو کە کاتەکەی دیاریکرا و لە رۆژی 15/3/2020 دیاریکرا.

هەروەها لەم هەفتەیەدا ناوی راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشاندەکرێت کە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە بەڵام بەپێی هەموو سەرچاوەکان رۆناڵد کۆیمانی هۆڵەندییە و لەگەڵیدا رێککەوتوون، تەنیا لایەنی دارایی ماوە کە واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.

لە خاڵێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئێریک ئابیدالی بەڕێوبەری وەرزشیی یانەکە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، کە پێشتر چەند کێشەیەک لە نێوان ئەو و یاریزانەکان بە تایبەت لیۆنێل مێسیدا روویدا.

20:25

یوڤێنتوس بارودۆخی بارسا دەقۆزێتەوە

یوڤێنتوس بارودۆخی بارسا دەقۆزێتەوە

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتالیا ئاشکرایانکرد، یانەی یوڤێنتوس دەیەوێت بارودۆخی خراپی بارسا بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یەکێک لە هێرشبەرانی بارسێلۆنا.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، یوڤێنتوس دەیەوێت یەکێک لە دوو هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا، لویس سوارێز یان ئەنتوان گریزمان رازی بکات لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا.

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی یانەی خانمەپیرەکە دەیانەوێت گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی بفرۆشن و پارەکەی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سوارێز یان گریزمان بکاتە شوێنگرەوەی.

بارسێلۆنا دوای ئەوەی تووشی شکستێکی ئابڕووبەرانە بوو لە چامپیۆنزلیگدا، کاتێک بە ئەنجامی 2 - 8 بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا، بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا و کۆمەڵێک بڕیار دەدات بۆ نوێکردنەوەی تیپەکەی.

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بارسا لە پڕۆژە نوێیەکەیدا زۆرترین یاریزانی دەفرۆشێت و یاریزانی نوێ دێنێتە ریزەکانی، لەوانەش سوارێز و گریزمان.

 

17:08

ئەبیدال لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت

وێنەی دوایین نانخواردی ئەبیدال و سیتێن لە بارسێلۆنا

ئێریک ئەبیدالی بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە و دوورناخرێتەوە.

بەپێی دوایین زانیاری کە لە کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوەی بارسێلۆنا دەست میدیاکان کەوتووە، ئێریک ئەبیدالی بەرپرسی وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.

ئەم وێنەیەی کە بڵاویشکراوەتەوە دوایین نانخواردنی نێوان ئەبیدال و کیکێ سیتێنی راهێنەری یانەکەیە و دواتر کیکێ دووردەخرێتەوە و رۆناڵد کۆیمان دەچێتە شوێنی.

هێشتا ئەنجامی کۆبوونەوەکە رانەگیێندراوە و لە چەند کاژێری داهاتوودا بارسێلۆنا لە راگیێندراوێكدا سەرجەم بڕیارەکان دەخاتەڕوو.

 

16:00

راهێنەری نوێی بارسێلۆنا دیاریکرا

راهێنەری نوێی بارسێلۆنا دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار کاژێر کۆبوونەوە دەستەی کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا بڕیارییدا رۆناڵد کۆیمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا وەک راهێنەری نوێی یانەکەی دەستنیشانبکات.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەردوولادا کرا و کۆیمان راهێنەری داهاتووی بارسێلۆنا دەبێت و جێگەی کیکێ سیتێن، راهێنەری لەکار لادراوی یانەکە دەگرێتەوە، کە هێشتا بەفەرمی لە پۆستەکەی دوورنەخراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەنێو کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا دزەیانپێکراوە، رێککەوتنی یانەکە لەگەڵ راهێنەرە هۆڵەندییەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، کە ئەمە مەرجی ئەو راهێنەرە بوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

رۆناڵد کۆیمان تەمەنی 57 ساڵە، لە ساڵی 1989 تاوەکو 1995 وەک یاریزان لە یانەی بارسێلۆنا یارییکردووە، وەک راهێنەر خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە، لە 1997 بە پۆستی یاریدەدەری راهێنەری هۆڵەندا دەستیپێکرد، پاشان لە 1998 تاوەکو 2000 یاریدەدەری راهێنەری بارسێلۆنا بووە.

کۆیمان لەگەڵ بارسێلۆنا 350 یاریی ئەنجامداوە و 106 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکردووە، ئەو یەکێکە لەو راهێنەرانەی لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە قبوڵکراوە و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆش دەیەوێت لە رێگەی ئەوەوە یانەکەی بگەڕێنێتەوە سەر رێگەی راست.

زیاتر بخوێنەوە

15:41

ئەمڕۆ بارسێلۆنا چ بڕیارێک دەدات؟

ئەمڕۆ بارسێلۆنا چ بڕیارێک دەدات؟
ئەمڕۆ بارسێلۆنا چ بڕیارێک دەدات؟


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە بەردەم رۆژێکی درێژە و کارگێری یانەکە بڕیاری خۆی دەدات، کە دەبێت بۆ داهاتوو چی بکات و چۆن ئەم کێشانەی رووبەڕووی یانەکە بووەتەوە چۆن چارەسەر بکات.

لە بووڵتەنی کاژێر 14:30 هەواڵە وەرزشییەکانی رووداو، سامان وڵاتژێری لە رێگەی ئینفۆگرافیکەوە سەرنجی خستە سەر ئەو ئەگەرانەی بەردەم یانەکە، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یانەکەدا چاوەڕواندەکرێت بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، کە بڕیارەکان خۆی لە دوورخستنەوەی راهێنەر، دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ، دوورخستنەوەی چەند ئەندامێک، هەڵبژاردنی پێشوەخت، چارەنووسی یاریزانان و مانەوە و رۆیشتنی مێسی دەبێت.

لە بەشێکی گرافیکەدا، باسی ئەو کارانە کرا کە بارتۆمیۆ لەسەردەمی سەرۆکایەتیکردنی یانەکەدا کردوویەتی، ئەو سەرۆکە ملیارێک و 177 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە و نەیتووانیووە پرۆژەیەکی بەهێز بۆ یانەکە دابنێت، جگە لەوەش گەندەڵی و کێشە کارگێڕییەکان هەمیشە بۆ یانەکە بوونەتە سەرئێشە.

لە بەشی شرۆڤەدا، دارەوان حەمە، شرۆڤەکاری وەرزشی میوانی رووداو بوو و باسی لە بارودۆخی یانەکە کرد، دارەوان پێی وایە کۆیمان باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکە بکات بۆ گەڕانەوە و دەڵێت، کێشەکانی بارسێلۆنا بەشی سەرەکیی هۆکارەکەی کارگێری یانەکەیە و نەیانتوانیووە پڕۆژەی باش بۆ یانەکە دابنێن.

زیاتر بخوێنەوە

15:37

مان یونایتد داوای چوار یاریزانی بارسێلۆنا دەکات

مان یونایتد داوای چوار یاریزانی بارسێلۆنا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا یانەی بارسێلۆنا دەستبەرداری چەند یاریزانێکی دەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەی نوێی یانەکە دابڕێژێت و یانەکە بگەڕێنێتەوە نێو رکابەرییەکان، یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت چوار یاریزانی یانەکە بگوازێتەوە.

دەستەی کارگێری یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت سوود لەو هەنگاوەی بارسێلۆنا وەربگرێت، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ هەریەکە لە ئیڤان راکێتیچی کرواتی، ساموێل ئومتیتی فەرەنسی، ئارتورۆ ڤیدالی چیلی و عوسمان دێمبێلی فەرەنسی واژۆبکات، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووی خۆی بەهێزتربکات.

بەپێی میدیای ئیسپانیا، کارگێری بارسا بڕیارییداوە بەشێکی زۆری یاریزانەکانی ئێستای بەڕێبکات و لە جێگەی ئەوان یاریزانی نوێ بگوازێتەوە یانەکەی.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێری یانەی بارسێلۆنا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخی یانەکە بەردەوامە و چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێرێکی دیکە بکێشێت بۆ ئەوەی چەند بڕیارێک لەبارەی داهاتووی یانەکەوە بدرێن.

15:06

بارسێلۆنا گەورەترین بڕیاری ساڵ دەدات

بارسێلۆنا گەورەترین بڕیاری ساڵ دەدات
بارسێلۆنا گەورەترین بڕیاری ساڵ دەدات

ئەمرۆ یانەی بارسێلۆنا گەورەترین بڕیاری ئەمساڵ دەدات، بەوەی کە راهێنەری یانەکە دووردەخاتەوە و راهێنەری نوێ دەستنیشاندەکات، هەروەها چەندین یاریزانی دەفرۆشێت و گۆڕانکارییەکی زۆر لە دەستەی کارگێڕیی یانەکەدا روودەدات، ئێریک ئابیدال و ئۆسکار گراو دەردەکرێن، لەوانەش چارەنووسی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی یەکلابکرێتەوە بە مانەوە یان رۆیشتن.

 

15:00

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بۆمبەکەی تەقاندەوە

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بۆمبەکەی تەقاندەوە

رووداو دیجیتال

لە نوێترین پێشهاتدا لەبارەی دانانی راهێنەرێکی نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی یانەی بارسێلۆنا، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بۆمبێکی تەقاندەوە.

هەرچەندە میدیای ئیسپانی باس لە بوونی دانوستان لەنێوان بارسێلۆنا و رۆناڵد کۆیمانی راهێنەری هۆڵەندی دەکەن، بەڵام مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ پێش هەموویان کەوت و چارەنووسی ئەو دانوستانانەی ئاشکراکرد.

بەپێی نوێتری هەواڵی ئەو رۆژنامەیە، کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا و کۆیمان رێککەوتوون و سبەی سێشەممە هەواڵەکە بەفەرمی لەلایەن بارسێلۆناوە رادەگەیێنرێت.

14:40

نوێترین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی بارسێلۆنا

نوێترین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی بارسێلۆنا

رووداو دیجیتال

رادیۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکرد کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕی بارسێلۆنا درێژە دەکێشێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باس لەوە دەکات کە لەم کۆبوونەوەیەدا وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا دیاریدەکرێت و لە بەیاننامەیەکی فەرمیشدا لەسەرکارلابردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر رادەگەیێنرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە کەتەلۆنیا دەڵێن، بارسا و رۆناڵد کۆیمان نزیکن لە رێککەوتن بۆ ئەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە ببێتە راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە.

لە لایەکی دیکەوە ئەشرەف بن عەیادی پەیامنێری بی ئێن سپۆرت دەڵێت "هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان کۆیمان و بارسادا نەکراوە، بەڵام بارتۆمیۆی سەرۆک هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ رازیکردنی کۆیمان".

 

14:28

کۆیمان مەرجێکی بۆ بارسێلۆنا هەیە

کۆیمان مەرجێکی بۆ بارسێلۆنا هەیە

رووداو دیجیتال

یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارسێلۆنا دەرکردنی کیکی سیتێنی راهێنەر و دانانی راهێنەرێکی نوێ دەبێت.

زۆربەی پێشبینییەکان دەڵێن رۆناڵد کۆیمانی راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەبێتە راهێنەری تازەی یانەی کەتەلۆنی، بەتایبەتی کە ئەو ئەمڕۆ گەیشتووەتە شاری بارسێلۆنا.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، کە زۆر نزیکە لە یانەی بارسێلۆنا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆیمان مەرجێکی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا.

بەپێی ئەو رۆژنامەیە، کۆیمان دەیەوێت ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا 3 ساڵ بێت، نەک ساڵێک، کە کارگێڕی بارسا بۆی پێشنیازکردووە.

پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوە گرنگ و گەورەکەی ئەمڕۆی بارسێلۆنادا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو داواکارییەی رۆناڵد کۆیمان بدرێت.

14:08

رۆیشتنی مێسی دووپاتکرایەوە

رۆیشتنی مێسی دووپاتکرایەوە

مارسێلۆ بیچلێر، راگەیاندنکاری بەرازیلی، کە دوێنێ رایگەیاند، لیۆنێل مێسی بە کارگێڕی بارسای راگەیاندووە دەیەوێت ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە جێبهێڵێت، ئەمڕۆ قسەکانی خۆی دووپاتکردەوە.

دوای ئەوەی هەندێک رۆژنامەی کەتەلۆنی قسەکانی مارسێلۆ بیچلێریان بەدرۆخستەوە، ئەمڕۆ ئەو راگەیاندنکارە، گوتی "زانیارییەکانم لەبارەی داواکریی مێسی بۆ رۆیشتن لە بارسێلۆنا لە کەسێکی نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکەوە پێدراوە، کە زۆر نزیکە لە مێسی".

ئەو زیاتر گوتی "من نازانم مێسی مەرجی هەیە بۆ مانەوە یان نا، بەڵام ئەوەی من دەزانم ئەوەیە کە مێسی گوتوویەتی دەڕۆم و بڕواشی بە پڕۆژە نوێیەکەی بارسێلۆنا نییە".

13:53

14 ئەندام بەشداری کۆبوونەوەکەی بارسان

14 ئەندام بەشداری کۆبوونەوەکەی بارسان

کاژێرێک بەسەر کۆبوونەوە چارەنووسسازەکەی بارسێلۆنادا تێپەڕیوە، کە چاوەڕوان دەکرێت یانەکە بڕیاری زۆر گرنگ بدات.

لە کۆی 14 ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە 8 ئەندام ئامادەی هۆڵی کۆبوونەوەکە بوونە و ئەوانەی دیکە لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.

13:47

ئەمڕۆ چارەنووسی ڤیدال دیاریدەکرێت و پاریس سانجێرمان داوایدەکات

ئەمڕۆ چارەنووسی ڤیدال دیاریدەکرێت و پاریس سانجێرمان داوایدەکات

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت سوود لەو بارودۆخە خراپە وەربگرێت، کە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دوای شکستە گەورەکەی لە چامپیۆنزلیگدا تووشی بووە.

میدیای فەرەنسی و ئیسپانی باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی یانەی پاریسی دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ئارتۆرۆ ڤیدالی یاریزانی چیلیی یانەی بارسێلۆنا بکات، کە ئەگەری رۆیشتنی ڤیدال لە بارسا زۆر بەهێزە و لەوانەیە لە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار لەبارەی چارەنووسی یاریزانەکەوە بدرێت.

13:41

ئەمڕۆ بڕیاری فرۆشتنی سوارێز دەدرێت و ئایاکسیش هاتەوە سەرهێڵ

سوارێز ئەو کاتەی کە یاریزانی یانەی ئایاکس بوو
یانەکانی ئایاکس ئەمستەردامی هۆڵەندی، عەرەبیی قەتەری و ئینتەرمیامیی ئەمریکی بەفەرمی هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ گواستنەوەی لویس سوارێزی هێرشبەری بارسێلۆنا.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یانەی بارسێلۆنادا بڕیار لەسەر فرۆشتنی چەند یاریزانێكی یانەکە دەدرێت کە لویس سوارێز یەکێك دەبێت لەو یاریزانانە، دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا یانەکانی عەرەبیی قەتەری و ئینتەرمیامیی ئەمریکی هاتنە سەرهێڵ بۆ ئەو یاریزانە، ئەمرۆ یانەی ئایاکسی هۆڵەندیش هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سوارێز دەستپێکردووە کە پێشتر لویزیتۆ هێرشبەری یانەی ئایاکس بوو.

رۆیشتنی سوارێز مانای زۆر دەبەخشێت، چونکە ئەو هاوڕێی نزیکی لیۆنێل مێسییە و چەند ساڵێکە بەهۆی لیۆوە ئەو یاریزانە نەفرۆشراوە، ئێستا کە ئەو لە یانەکە بڕوات، ئیدی رەنگە مێسیش بڕیاری رۆیشتن بدات.

13:34

چارەنووسی کۆتینیۆ گۆڕانی بەسەردا دێت

چارەنووسی کۆتینیۆ گۆڕانی بەسەردا دێت

لە کەتەلۆنیا باس لەوە دەکرێت کە لەوانەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یانەی بارسێلۆنادا هەڵوێستی یانەکە لەسەر هەندێک یاریزان بگۆڕێت، بەتایبەتیس فلیپ کۆتینیۆی یاریزانی بەرازیلی.

کۆتینیۆ کە بەخواستن دراوەتە بایرن میونشن، دوای تەواوبوونی چامپیۆنزلیگ دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا، تاوەکو ئێستا بڕیاری بارسا رێگە نەدان بوو بە گەڕانەوەی ئەوە یاریزانە بۆ پێکهاتەکەی و بەرپرسانی یانەکە کاریان بۆ فرۆشتن یان دووبارە بەخواستن دانەوەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆراوە.

هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی کەتەلۆنی باس لەوە دەکەن کە بە نەمانی کیکی سیتێن و هێنانی راهێنەرێکی نوێ، هەڵوێستی بارسا لەبارەی کۆتینیۆ گۆڕانی بەسەردا دێت و بە ئەگەرێکی زۆر کۆتینیۆ لگەڵ بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئەگەر رۆناڵد کۆیمانی هۆڵەندی ببێتە راهێنەری بارسێلۆنا، کە لەوانەیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بارسێلۆنادا بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆتینیۆ دەگەڕێنێتەوە نێو پێکهاتەی بارسا و سوود لە تواناکانی وەردەگرێت، چونکە ئەو راهێنەرە زۆر حەز لە شێوازی یاریکردنی کۆتینیۆ دەکات و پێیوایە بۆ شێوازی یاریکردنی خۆی زۆر گونجاوە.

13:09

بارتۆمیۆ جنێوبارانکرا

بارتۆمیۆ جنێوبارانکرا

 

جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا پێش کەمێک گەیشتە کامپ نو، بەڵام هاندەرانی یانەی کەتەلۆنییەوە پێشوازییەکی خراپیان لێکرد و رووبەڕووی سووکایەتیپێکردن بووەوە.

جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دوای دۆڕانە گەورەکەی یانەکەی بە بایرن میونشنی ئەڵمانی، داوایکرد رۆژی دووشەممە یانەکە کۆبوونەوەیەکی لەناکاو بکات.

بارتۆمیۆ بە ئۆتۆمێلی خۆی گەیشتە کامپ نۆ، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە، بەڵام هاندەرانی یانەکە جنێوبارانیان کرد، کە ئەمەش پێشبینی بۆ کراوبوو، بەو پێیەی کەتەلۆنییەکان پێیانوایە بارتۆمیۆ هۆکاری سەرەکی زۆربەی کێشەکانی بارسێلۆنایە و سەرەڕای ئەوەش ئامادەنییە دەستلەکاربکێشێتەوە.

13:03

بارتۆمیۆ گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەکە

بارتۆمیۆ گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەکە


جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەکە، بەڕێوەبەرە گەورەکانی یانەی بارسێلۆنا ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی یانەکە بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئێریک ئەبیدال، سکرتێری هونەری یانەکە لە پۆستەکەی بەردەوام نابێت و دەڕوات.

ئەوەی تایبەتە بە رۆناڵد کۆیمان، بارتۆمیۆ خۆی قسەی لەگەڵ کردووە، بۆ ئەوەی رازی ببێت پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، بەڵام دوو هۆکار وادەکەن کۆیمان بۆ بوون بە راهێنەری بارسێلۆنا رووبەڕووی بەربەست ببێتەوە، یەکەم ئەوەیە دەبێت پشت لە هەموو شتێک بکات و داوای لێبوردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا بکات.

دووەم یەوەیە کە بارتۆمیۆ دەیەوێت تەنیا بۆ 10 مانگ گرێبەستی لەگەڵ بکات، تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو و دانانی پڕۆژەیەکی نوێ بۆ یانەکە.

12:00

بەفەرمی.. بارسێلۆنا راهێنەرەکەی دوورخستەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد

مێسی
مێسی


رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکانی دۆڕانی یانەی بارسێلۆنا، بەرامبەر بایرن میونشن و کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگدا هێشتا لە یانەکەدا گەرمن و ئەمڕۆ یانەکە بڕیار لە داهاتووی خۆی دەدات.

کاژێر 14:00 بەکاتی باشووری کوردستان یانەی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ئەو بارودۆخە دەکات کە پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی یانەکە بکەن و چەند بڕیارێکیش بدەن، کە ئەگەری هەیە جگە لە دوورخستنەوەی راهێنەر بڕیاری چاوەڕواننەکراویش لە کۆبوونەوەکەدا بدرێن.

میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، ئێستا بارتۆمیۆ بەتەواوی متمانەی لەدەستداوە، لە ماوەی 6 ساڵی کارکردنیدا وەک سەرۆکی یانەکە ملیارێک و 177 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە، بەبێ ئەوەی یانەکە دەستکەوتی زۆر بباتەوە، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە یەکێک لە ئەگەرەکانە، جگە لەوەش چاوەڕواندەکرێت ئێریک ئەبیدال، سکرتێری هونەری یانەکەش لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێکی ئەندامانی یانەکە داوا دەکەن، هەرچی زووترە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە ئەنجامبدرێت، کە بڕیارە ساڵی 2021 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت یەکێک لە بڕیارەکانی بارتۆمیۆ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بێت.

درەنگانی شەوی یەکشەممە، چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی بڵاویانکردەوە، کە سەرۆکی یانەکە لەگەڵ ئێریک ئەبیدال، سکرتێری هونەری بارسێلۆنا کۆبووەتەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی کیکێ سیتێن، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دراوە، ئەمڕۆش بەفەرمی ئەو بڕیارە رادەگەیێندرێت.

بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە باشترین و نزیکترین بژاردەی بەردەم یانەکە، رۆناڵد کۆیمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە، لەکاتێکدا پێشتر ئەو راهێنەرە وەرگرتنی راهێنەرایەتیی بارسای رەتکردبووە، دوای ئەویش ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پێشووی یانەی تۆتێنهام بژاردەی دووەم و گارسیا پیمیێنتای راهێنەری تیپی دووەمی بارسێلۆناش بژاردەی سێیەمە، کە هەندێک سەرچاوە پێشبینی بۆ ئەوە دەکەن، گارسیا بکرێتە راهێنەر و پێیان وایە ئەو کەسێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

پرسی لە هەمووان گرنگتر لە یانەکەدا لە پاڵ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەموو ئاستەکاندا، چارەنووسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یەکەم و کاپتنی یانەکەیە، کە شەوی یەکشەممە، هەواڵی ئەگەری رۆیشتنی ئەو یاریزانە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووە و راگەیێندرا کە مێسی بە بارسێلۆنای گوتووە، تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی چاوەڕوان نابێت و لەم هاوینەدا دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام هەر زوو میدیای ئیسپانی و بارسێلۆنا خۆیشی ئەم هەواڵەیان رەتکردووە و یانەکە گوتی، هیچ پەیوەندییەک لە مێسییەوە بۆ یانەکە نەهاتووە و کەسیش باسی رۆیشتنی یاریزانەکەی نەکردووە.

بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لەکاتێکدا گرێبەستی مێسی لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە، بارسێلۆنا بە بارودۆخێکی ئابووری خراپدا تێدەپەڕێت، ئێستا بارتۆمیۆ دەیەوێت هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی لیۆ لە یانەکەدا بهێڵێتەوە، چونکە سەرۆک دەزانێت رۆیشتنی مێسی لە یانەکە، لێدانێکی گەورەیە بۆ ئەو و تەواوی بارسێلۆنا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مێسی چاوەڕێی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە یانەکە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کارگێریی یانەکەی دەکات، بەتایبەت کە بارتۆمیۆ دەیەوێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە یانەکەدا بکات و لە هەموو ئاستەکاندا خوێنی نوێ بهێنێتە نێو یانەکەدا.

 

زیاتر بخوێنەوە