ڤیدیۆ؛ درێسی ئێمباپێ هەزاران هاندەری بردە سەر شەقامەکان


رووداو دیجیتاڵ

بێبەرامبەر گرێبەستی لەگەڵ کرا، بێبەرامبەریش رێگە بە هاندەران درا ئامادەی رێوڕەسمی ناساندنەکەی ببن، کیلیان ئێمباپێ بەدرێسی ریال مەدریدەوە دەرکەوت و خەونی پۆشینی درێسە سپییەکەی کردە راستی.
 
چاوەڕوانیی هاندەرانی ریال مەدرید بۆ گەیشتنی ئێمباپێ بە یانەکەیان کۆتاییهات، گرێبەستکردنی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی شاهانە، هەزاران هاندەری لەبەردەم فرۆشگا تایبەتەکانی یانەکە کۆکردەوە و هەمووان دەیانەوێت درێسێک بەدەستبهێنن، درێسی ژمارە 9 بە ناوی کیلیان ئێمباپێ.
 
ساوندبایت؛ دایک و باوکم بۆیان کردمە سوپرایز، بۆیە نازانم چەند کاتی پێویستبووە تاوەکو بەدەستیانهێناوە، نرخەکەی لەنێوان 120 یۆرۆ بۆ 150 و 180 یۆرۆیە، ئەمە نرخێکی زۆرە.
 
ئەوانەی دەیانەوێت درێسی کیلیان ئێمباپێ بەدەستبهێنن رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە، هەندێکیشیان دەبێت بەناچاری بچنە شوێنی دیکە تاوەکو درێسەکەیان دەستبکەوێت.
 
ساوندبایت: سەرەتا درێسێکی ئاساییم کڕی و دواتر ناچاربووم خۆم ناوەکەی لەسەر دابنێم، هەندێک کاتم پێچوو تاوەکو ناوەکەم لەسەری دانا، ناچار بووم بچمە کۆرتێ ئینگلێز تاوەکو درێسەکەم دەستکەوت.
 
لە کاژێرەکانی سەرەتای ناساندنی کیلیان ئێمباپێدا وەکو یاریزانی ریال مەدرید، یانەی شاهانە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی دوو جۆری درێسی نمایشکرد، یەکێکیان درێسێکی ئاسایی بوو کە نرخەکەی 100 یۆرۆ بوو و ئەوەی دیکەشیان درێسێکی هاوشێوەی درێسی یاریزانەکان بوو کە نرخەکەی 180 یۆرۆ بوو.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە رۆژی یەکەمی ناساندنی کیلیاندا ریال مەدرید بای 800 هەزار یۆرۆ درێسی فرۆشتووە و گۆکانی ئادیداسیش هەر زوو درێسی یاریزانەکەیان تێدا نەما."
 
ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەرید تاوەکو 2029 دەبێت، ئەو دەڵێت "خەونەکەم بووە راستی هەموو ژیانم دەخەمە خزمەت یانەی شاهانە."