نرخی لامین یامال فڕی

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئاستە ناوازەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024ـدا، لامین یامالی یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، بووە جێی سەرنجی بەشێک لە یانە گەورەکانی جیهان و نرخی ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بە رێژەیەکی بەرز زیادیکرد.
 
بەپێی ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێتی تایبەت بە نرخی یاریزانان، بەهای یامال گەیشتووەتە 90 ملیۆن یۆرۆ، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو نرخی لە 25 ملیۆن یۆرۆ کەمتر بوو.
 
بەرزبوونەوەی نرخی لامین لە کاتێکدایە، کە زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان بڕیوەتە تواناکەنی، ئەگەرچی زەحمەتە بارسێلۆنا دەستبەرداری ئەو یاریزانەی ببێت، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگرەوەی لیۆنێل مێسی.
 
بەپێی قسەکانی خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمانیش چاوی بڕیوەتە ئەو یاریزانە و لە هەوڵدا بووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
 
سەرەڕای ئەو گرنگیدانەی پاریس بۆ یامال، خوان لاپۆرتا رایدەگەیێنێت کە ئامادە نییە بە هەر نرخێک دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت و یامال بەهیچ شێوەیەک بۆ فرۆشتن نییە.
 
لامین یامال، دڵخۆشە لە بارسا و نایەوێت ریزەکانی ئەو یانەیە جێبهێڵێت و بڕیاری داوە درێسی ژمارە 19 بپۆشێت بۆ وەرزی داهاتوو. 
 
یامال سەرکەوتوو بوو لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرەو بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ چوارەم جار لە مێژووی لارۆخادا، دوای ئەو ئاستە سەرسوڕهێنەرەی کە بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە پێشکەشی کرد، کە 4 ئەسیستی هەبوو، لەگەڵ تۆمارکردنی یەک گۆڵ.