ریال مەدرید گرێبەستی لوکیتای نوێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتیی یانەکەی راگەیاند.
 
لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و لوکا مۆدریچ، بەیەکەوە دەرکەوتن و واژۆیان لەسەر گرێبەستی نوێی نێوانیانکرد.
 
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا نووسیوویەتی "یانەی ریال مەدرید و لوکا مۆدریچ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی کاپتنەکەمان گەیشتنە رێککەوتن و گرێبەستەکەی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2025 نوێکرایەوە."
 
لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2012ـەوە لە یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لە ئەفسانەکانی یانەی شاهانە و تۆپی پێی جیهان.
 
مۆدریچ لەگەڵ یانەی شاهانە 26 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، 6 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، 5 نازناوی جامی جیهانی یانەکان و چوار نازناوی جامی سوپەری ئەوروپی، 4 نازناوی لالیگا، 2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا و 5 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە.
 
کاپتنە کرواتییەکە یەکێکە لەو یاریزانانەی 6 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە و ئەمە بۆ هەمیشە لە مێژووی تۆپی پێی ریال مەدرید و کاروانی یاریزانەکەدا دەمێنێتەوە.
 
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2018 نازناوی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا و خەڵاتی باڵۆن دۆری پێدرا.
 
لوکا مۆدریچ بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە، 534 یاریی ئەنجامداوە، 39 گۆڵی تۆمارکردووە.