ئاتلێتیکۆ مەدرید بەدوای جێگرەوەی مۆراتادا دەگەڕێت

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی هەردوو هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەلڤارۆ مۆراتا و مێمفیس دێپای یانەکەیان جێهێشت، ئێستا ئاتلێتیکۆ مەدرید بەدوای جێگرەوەیاندا دەگەڕێت و هێرشبەری سەرەڕم گەورەترین پێویستی یانەکەیە.
 
لە مانگی 5ـی رابردووەوە، رۆخێ بلانکۆس دوو ئامانجی سەرەکی داناوە بۆ بەهێزکردنی هێلی هێرشبەری و زیادکردنی گۆڵەکان لە وەرزی داهاتوودا، ئەوە لە کاتێکدا دێت کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە وەرزی رابردوودا 70 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەمە دووەم بەرزترین رێژەیە لە دوایین 10 ساڵدا.
 
ئاتلێتیکۆ دوو ئامانجە سەرەکییەکەی لەم هاوینەدا، هەردوو رکابەری سەرەکی پیچیچی ئەمساڵن و ئامانجی یەکەمی ئارتیم دۆڤبیکی ئۆکراینی گۆڵکاری لالیگای ئیسپانییە، کە لەم وەرزەدا 24 گۆڵە تۆمارکردووە و 8 ئەسیستی پێشکەشی هاوڕێکانی کردووە.
 
دۆڤبیک تەمەنی 27 ساڵە و نرخی یاریزانەکە 35 ملیۆن یۆڕۆیە، ئەمەش ئەرکی ئاتلێتیکۆ مەدرید قورس دەکات، چونکە ئەم بڕە پارەیە بۆ یانەکەی مەدرید زۆرە لە کاتێکدا یانەکە بە بارودۆخێکی دارایی سەختدا تێپەڕدەبێت.
 
دووەم ئامانجی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئالێکساندەر سۆلۆرۆسی هێرشبەری ڤیاریالە. سۆلۆرۆس لەم وەرزەدا بە تۆمارکردنی 23 گۆڵ لەگەڵ تیپەکەی کۆتایی بە وەرزەکەی لە لالیگادا هێنا.
 
سەڕەرای ئەوەی تیپەکەی سۆلۆرۆس ئاست و ئەنجامی لە تیپەکەی دۆڤبیک خراپتربوو، بەڵام تەنیا یەک گۆل کەمتری لە دۆڤبیک تۆمارکردووە، لە کاتێکدا جیرۆنا لەم وەرزەدا بەگشتی 20 گۆڵی زیاتر لە ڤیاریال تۆمارکردووە.
 
سۆلۆرۆس نرخی شکاندنی گرێبەستی لەگەڵ ڤیاریال 40 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید چاوی لەوەیە بە بڕێکی کەمتر ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی، لە کاتێکدا نرخی ئەم یاریزانە بەپێی پێگەی ترانسفێر مارکێت 25 ملیۆن یۆرۆیە.
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوو ساڵی رابردوودا دەستی بە شۆڕشێکی گەورە کردووە لە رووی گواستنەوەی یاریزان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی لە تیپەکەی دا، و کەمکردنەوەی رێژەی تەمەن لەم تیپەدا.