رۆناڵدۆ و قوتابییەکانی لەسەر دەستی مێسی و یامال لە زەوی دران

رووداودیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی، گرنگترین دووانەی مێژوویی جیهانی تۆپی پێن لە سەردەمی نوێدا، بەهۆی ئەو ژمارە و دەستکەوت و رکابەرییە مێژووییەی کە لە چەندین ساڵی رابردوودا پێکەوە کۆکردەوە.
 
هەمیشە بەراوردکاری لە نێوان ئەفسانەی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یەکەمی پۆرتوگالدا دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناخە زێڕینەی کە تێیدا رکابەرییەکی تووندیان کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی، بەتایبەتی ئەوکاتەی مێسی یاریزان بوو لە بارسێلۆنا و رۆناڵدۆش لەگەڵ ریال مەدرید بوو.
 
ئەم دووانە مێژووییە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر یارییە هەرە بەنێوبانگ و پڕجەماوەریترینەکەی جیهان بەجێهێشت، بەشدارییان کرد لە راکێشانی سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێ و بوونە نموونە بۆ منداڵان و گەنجان، کە بە بەردەوامی لاسایی لێهاتوویی و ئاهەنگەکانیان دەکەنەوە.
 
ئەگەر لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆربەی منداڵان و گەنجان بپرسیت، کێ نموونەی تۆیە، بەدڵنیاییەوە وەڵامەکەیان تەنیا بۆ مێسی یان رۆناڵدۆ دەبێت و ئەمەش بۆ بەهرەمەند و ئەستێرەکانی ئێستای تۆپی پێ دەگونجێت، وەک لامین یامالی ئیسپانی و ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی و ئەوانی دیکە.
 

مامۆستا و خوێندکارەکەی
 
لەم دواییانەدا چەندین ئەستێرەی گەنج دەرکەوتن بۆ ئەوەی باس لە نموونە باڵاکانیان بکەن لە تۆپی پێدا، لە کاتێکدا دوو یاریزانی بەرازیلی لە ریال مەدرید، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ، پشتڕاستیان کردەوە کە "رۆناڵدۆ بێگومان نموونەی باڵای ئەوانە".
 
ئەوان هەمیشە هەوڵدەدەن ئەمە لە رێگەی کۆمێنت و وێنە و شتی دیکەوە دەرببڕن، ئەمە بۆ هاوکارە فەرەنسییە نوێیەکەشیان لە ریال مەدرید دروستە، کە کیلیان ئێمباپێیە، کە لە منداڵییەوە سەرسام بووە بەو ئەستێرە پۆرتوگالییە.
 
لەلایەکی دیکەوە مێسی خۆشەویستییەکی گەورەی لە دڵی یاریزانە لاوەکاندا هەیە، بەسەرکردایەتی لامین یامال، گەوهەرەکەی ئیسپانیا، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر تەمەنی بوو بە 17 ساڵ، دوای ئەوەی هەر زوو ئەستێرەی درەوشایەوە.
 
زۆر لە شارەزایانی تۆپی پێ و شرۆڤەکاران لە سەرەتاوە بەراوردکاری نێوان یامال و مێسییان کرد، بە لەبەرچاوگرتنی سەرەتای درەوشانەوەی کوڕە ئیسپانییەکە و پێگەیشتن لە ئەکادیمیای "لاماسیا"ـی بارسێلۆنا، بەڵام ئەو یاریزانە لاوە پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە "لیۆ باشترینە لە مێژوودا".
 

مێسی و یامال لەسەر سەکۆی نازناوەکان
 
یامال سەرکەوتوو بوو لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرەو بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ چوارەم جار لە مێژووی لارۆخادا، دوای ئەو ئاستە سەرسوڕهێنەرەی کە بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە پێشکەشی کرد، کە 4 ئەسیستی هەبوو، لەگەڵ تۆمارکردنی یەک گۆڵ.
 
ئەستێرە گەنجەکەی بارسێلۆنا، پاڵپشتییەکی زۆری هەڵبژاردەکەی کرد له رووی بەشداریکردنی گۆڵ، بەڵام یاریی کۆتایی، که ئێل ماتادۆر 2-1 لە ئینگلتەرای بردەوە، بێگومان گرنگترین یاریی بوو بۆ ئەو یاریزانه، چونکه ئیسپانییەکان بە ئەسیستی ئەو گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد.
 
یامال چەندین ژمارەی پێوانەیی مێژوویی بەدەستهێناوە، دیارترینیان ئەوەیە کە بووە بچووکترین یاریزان بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە گەورەکاندا بکات و گۆڵ تۆماربکات و دروستی بکات. ئەو لە ماوەی گەشتەکەیدا ریکۆردی زۆر لە ئەفسانەکانی شکاند، لەوانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پێلێی بەرازیلی.
 
دوای چەند کاژێرێک لە دەستکەوتەکەی یامال لەگەڵ ئیسپانیا، لیۆنێل مێسی توانی بۆ دووەمجار لەسەریەک نازناوی کۆپا ئەمریکا بەدەستبهێنێت لەگەڵ ئەرجەنتین، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا 1-0 شکستی بە کۆڵۆمبیا هێنا.
 
مێسی نازناوێکی نوێی نێودەوڵەتی لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ تانگۆ زیادکرد، دوای ئەوەی کۆپا ئەمریکا 2021 جامی جامی ئیسپانیا و دواتر ڤینالیسیما و جامی جیهانی 2022ـی بەدەستهێنا.
 

لەنێوبردنی رۆناڵدۆ و قوتابییەکانی
 
یۆرۆ شاهیدی شکستی رۆناڵدۆ بوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بە دەرچوونێکی شۆکهێنەر بەرامبەر فەرەنسا لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە (3-5)، چونکە ئاستی پێویست نەبوو، لەبەرئەوەی بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە تەنیا یەک ئەسیستی هەبوو، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک تۆماربکات لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لەلایەکی دیکەوە یامال لە یەکێک لە جێنشینەکانی رۆناڵدۆی بردەوە کە ئێمباپێ بوو، کاتێک هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 لە فەرەنسای بردەوە، لە یارییەدا کوڕە ئیسپانییەکە تاکە گۆڵی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد.
 
لەسەر ئاستی کۆپا ئەمریکا، دووانەی رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس نەیانتوانی وڵاتەکەیان بەرەو شکۆمەندی ببەن، دوای ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا لەسەر دەستی ئۆرۆگوای بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 2-4 دۆڕان و ماڵئاواییان کرد و چوونە ریزی رۆناڵدۆ و ئێمباپێ.
 
بەڵام لیۆنێ مێسی سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی نازناوەکە و بەردەوام بوو لە نووسینی مێژوو لەسەر ئاستی نازناوی تاک و تیپ، بەپێچەوانەی رۆناڵدۆ لەم ماوەیەی دواییدا، ئەمەش ئەو کارە بوو کە خوێندکارە نوێیەکەی یامال کردی بە دەرکردنی جێنشینەکانی دۆن کریستیانۆ و بردنەوەی یەکەم نازناوی نێودەوڵەتی لە ژیانی وەرزشیدا.