بارسێلۆنا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا چیدی ناتوانێت رۆژانی شەممە کار لە کامپ نودا بکات، لەبەرئەوەی شارەوانی بارسێلۆنا رێگە نادات رۆژانی شەممە خەڵکی دانیشتووی دەوروبەری کامپ نو بێزاربکرێن.
 
یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی کاری بیناسازی لە یاریگای کامپ نو دا و دووپاتیکردەوە کە لەمەودوا ناتوانن رۆژانی شەممە کاری تێدا بکەن.
 
بارسێلۆنا ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانی ئاوەدانکردنەوەی یاریگاکەی لەم هاوینەدا، لەمڕۆوە تاوەکو هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، لە رۆژانی شەممەدا ئەنجام نادرێن، کە بێگومان ئەمە پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ یانەکە، چونکە ناچاربوون بە وەستاندنی کارکردن لەو رۆژانەدا پرۆسەکە و کاتەکەی دوادەخات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی بارسێلۆنا و دانیشتووانی بارسێلۆنا کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە رۆژانی شەممەدا کارەکانیان لە کاژێر 10ـی بەیانی دەستپێبکەن و لە 8ـی ئێوارە کۆتایی پێبهێنن.
 
دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەنجوومەنەکە و دانیشتووان، بڕیاردرا کە لە هاوینی ئەمساڵدا ناتوانن رۆژانی شەممە کار بکەن، هەروەها یانەی بارسێلۆنا و کۆمپانیای بیناسازی لیماک هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە.
 
بارسێلۆنا پلانێکی بۆ کارکردن لە رۆژانی شەممەدا پێشنیازکرد، بەجۆرێک کە رۆژانی شەممە کار لەو بەشەی یاریگاکەدا نەکات کە نزیکترینە لەو ناوچانەی بینای نیشتەجێبوونیان لێیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو پێشنیازەش قبوڵ نەکرا و لەمەودوا ئامێرەکان لە رۆژانی شەممەدا دەوستن.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ماوەی کارکردن لە دووشەممەوە تاوەکو هەینی لە کاژێر 8ـی بەیانی تاوەکو 8ـی ئێوارە دەبێت. هەروەها لە کاژێر 8ـی ئێوارەوە رێگە بە کارکردن دەدرێت تاوەکو کاژێر 10ـی شەو بۆ ئەو کارانەی کە پێویستی بە بەکارهێنانی ئامێری گەورە نییە و دەنگەدەنگ و بێزاری بۆ خەڵکی نیشتەجێی دەوروبەری یاریگەکە دروست ناکەن. تەنانەت لە ناوچەکانی دوور لە ماڵەکان دەکرێت کار تاوەکو نیوەشەو بەردەوام بێت ئەگەر بێزارکردنی خەڵکی تێدا نەبێت.