لێدوان.. ئەلکاراز سەرسوڕهێنەرە و جۆکۆڤیچیش سەرسام

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی ئیسپانی، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدندا، رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچ، تێنسزانی سربی بووەوە و بە ئەنجامی 3-2 کۆمەڵە لێیبردەوە. دوای یارییەکە هەردوو تێنسزان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.
 
پوختەی قسەکانی کارلۆس ئەلکاراز و نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەمشێوەیە بوو:
 
کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی ئیسپانی:
 
لە راستیدا من بۆ خۆمم کرد نەک بۆ نەوەی تێنس، سەرسوڕهێنەر بوو، بردنەوە لە نۆڤاک لە باشترین ئاستی خۆیدا و لەم کاتەدا تۆمارکردنی مێژووە، بەو پێیەی من ئەو پیاوەم کە دوای 10 ساڵی بێ دۆڕان لەم یاریگایەدا لە جۆکۆڤیچ ببەمەوە، بۆ من سەرسوڕهێنەرە. شتێکە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، بەدڵنیایەوە. وەک گوتم بۆ نەوەی نوێش زۆر باشە، پێموایە بە بینینی من کە لێیدەبەمەوە، باوەڕیان بەوە دەبێت کە ئەوانیش دەتوانن بیکەن، بۆ من زۆر باشە و پێموایە بۆ یاریزانە گەنجەکانیش زۆر باشە.
 
ئێستا، بەدڵنیاییەوە ئەمە خۆشترین ساتەکانی ژیانمە، لەوانەیە لە پێنج ساڵی دیکەدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئێستا تەمەنم 20 ساڵە، زۆر بارودۆخی لەم جۆرەم بەسەر نەبردووە، بۆیە ئێستا چێژ لەم ساتە وەردەگرم. ئەمڕۆ کە مێژووم دروستکرد خۆشترین ساتەکانی ژیانمە. پێموایە ئەوە بۆ ماوەیەکی زۆر ناگۆڕێت. بردنەوەی لە نۆڤاک، بردنەوەی ویمبڵدۆن شتێکە، لەو کاتەوەی دەستم بە یاریی تێنس کردووە خەونم پێیەوە دەبینی. هەر بۆیە گەورەترین ساتەوەختی ژیانمە.
 
 
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، تێنسزانی سربی:
 
هیوادارم ئەمە سەرەتای رکابەرییەکی گەورە بێت لەنێوان من و ئەلکارازدا. نازانم تا کەی دەمێنمەوە، مەبەستم ئەوەیە با بزانین، تەنیا سێ یاری بەرامبەر یەکدی ئەنجاممانداوە، سێ یاری. دوو لەو یارییانە لە لە قۆناخەکانی کۆتایی سلام گراند بوونە. هیوادارم لە پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا رووبەڕووی یەکدی ببینەوە، بۆچی نا؟ وابزانم ئەوە کارێکی گرنگە بۆ وەرزش، یەکەم و دووەمی ریزبەندیی جیهان پێنج کاژێر رکابەری بکەن لە یارییەکی 5 کۆمەڵەدا، ناکرێت لەمە باشتر هەبێت بۆ ئەم وەرزشەمان.
 
پێموایە لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا خەڵک باسیان لە ستایلی یاریکردنی ئەلکاراز کردووە کە تێکەڵەیەکە لە من و رۆجێر فێدێرێر و رافایێل نادال، منیش لەگەڵ ئەوەدام، پێموایە لە بنەڕەتدا باشترینی لە هەر سێ ستایلەکەدا بەدەستهێناوە. لە رووی دەروونییەوە زۆر خۆڕاگر و زۆر پێگەیشتووە، ئەمە بۆ گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ زۆر سەرنجڕاکێشە، خاوەنی عەقڵیەتی گای ئیسپانییە لە رووی رکابەری و رۆحی شەڕکردن و ئەو بەرگرییە سەرسوڕهێنەرەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە رافا بینیومانە.