یەکەم پەیامی گوندۆگان وەک یاریزانی نوێی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی، گرێبەستی ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی ئەڵمانی و پێشووی یانەی مانچێستەر سیتیی واژۆکرد و یاریزانەکەی بە میدیاکان ناساند.
 
لە رێوڕەسمێکدا کە لە یاریگەی مەشقەکانی بارسێلۆنادا ئەنجامدرا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و ئیلکای گوندۆگان واژۆیان لەسەر گرێبەستی نێوانیان کرد و یاریزانەکە درێسی یانە کەتەلۆنییەکەی بەرزکردەوە.
 
خوان لاپۆرتا لە گوتارێکدا بەخێرهاتنی گوندۆگانی کرد و گوتی "بەخێربێی بۆ بارسێلۆنا ئیلکای، شەرەفەمەندم کە تۆ لەم یانەیە دەبینم، تۆ یاریزانێکی بە ئەزموونیت و سەرکەوتووبووی لەگەڵ یانەی پێشووت، هیوادارم لەگەڵ یانەکەشمان بەهەمان شێوەبیت."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا بە کاپتنی پێشووی مانچێستەر سیتیی گوت "هەموو هاندەران، دەستەی هونەری، ئەندامانی یانەکە و زیاتر لە هەمووانیش من دڵخۆشم کە تۆ یارییمان بۆ دەکەیت، دەزانم هەوڵتدا و بۆ ئەوە سوپاست دەکەم."
 
لاپۆرتا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کە دەستەوارەی ئێمەت قبوڵکرد، لەکاتێکدا لەرووی داراییەوە دەستەوارەی باشترت هەبوو، سوپاس کە مێژوو و شێوازی ئێمەت هەڵبژارد، جارێکی دیکە سوپاس ئیلکای، دڵنیام لە بارسێلۆنا سەرکەوتوو دەبیت."
 
لاپۆرتا بە پێکەنینەوە بە ئیلکای گوندۆگانی گوت "ئەمجارە لەبەر دڵی تۆ بە ئینگلیزی قسەدەکەم، بەڵام جاری داهاتوو بە کەتەلۆنی."
 
دوای ئەوە ئیلکای گوندۆگان، یاریزانی نوێی بارسێلۆنا قسەی خۆی کرد و گوتی "شانازی بەوەوە دەکەم کە لەم یانەیە جوانەم، بە منداڵی سەیری هەموو یارییەکانی بارسێلۆنام دەکرد، بەتایبەت بارسای ریکارد و بارسای پێپ،  ژمارەیەک یاریزانی ئەم یانەیە بۆ من نموونەن و ئەستێرەی زۆر یاریی بۆ کردوون، شانازییەکی گەورەیە بۆ من، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک و جێگر و هەموو ئەندامانی یانەکە بکەم، سوپاسی ماتیۆ ئەلیمانی، جۆردی کرۆیف و دیکۆ دەکەم."
 
یاریزانە ئەڵمانییەکەی بارسێلۆنا زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "شانازییەکی گەورەی کە لێرەم و زۆر سەرسوڕهێنەرە، ناتوانم چاوەڕوانبم تاوەکو یارییدەکەم، دەمەوێت ببەمەوە و بەردەوام لە بردنەوە، من بۆ ئەوە لێرەم، وەرزی رابردوومان زۆر سەرسوڕهێنەربووم ئەم وەرزەش هەوڵدەدەین ئەوە بکەین، فیسکا بارسێلۆنا."