ڤیدیۆ؛ ئەلکاراز بە بردنەوە لە مێژوونووسی تێنس مێژووی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

هەمووان لە سەنتەر کۆرت کۆبوونەوەتەوە بۆ بینینی دوایین سەمای دوو لووتکەی تێنسی جیهان.
 
رکابەریی نێوان دوو نەوەی جیاواز، دژیەک بەڵام هەمان ئامانج، لە کۆتاییدا نەوەی ئێستا شکستی بە نەوەی زێڕین هێنا. 
 
کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی، کە تەمەنی 20 بەهار تێپەڕ ناکات، لە نۆڤاک جۆکۆڤیچی بردەوە کە 16 ساڵ لەخۆی گەورەترە، بووە پاڵەوانی پاڵەوانێتیی ویمبڵدن لەسەر ئاستی پیاوان. 
 
یارییەک کە شای ئیسپانیا، شازادەکانی بەریتانیا و هونەرمەند و سەرمایەدارەکانی جیهانی لە لەندەن کۆکردەوە. 
 
کۆمەڵەی یەکەم نۆڤاک جۆکۆڤیچ کارێکی ئەنجامدا کە زۆرینە پێیان وابوو ئەم یارییە وەک ئاوخواردنەوە ئاسان بێت بۆ نۆلێ، شەش یەک بردییەوە. 
 
کەچی ریمۆنتادا و گەڕانەوە مێژووییەکەی ئەلکاراز هەمووانی شۆککرد. دوو کۆمەڵەی لەسەریەک بردەوە. 
 
کۆمەڵەی دووەم بە ئەنجامی حەوت شەش لە سوودی کارلیتۆس کۆتاییهات و ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە.
 
کۆمەڵەی سێیەم ئاسانتر بۆ ماتادۆری بچووک هات بەدەستەوە، شەش یەک براوەبوو، بۆ یەکەمجار لە یارییەکەدا پێشکەوت. 
 
نۆڤاک خۆی بەدەستەوە نەدا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا توانی دووبارە یارییەکە بگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، شەش سێ بردییەوە. 
 
یارییەکە زۆر هەستیار بوو، نۆلێ دەیزانی ئەم رکابەرییە قورسە، بەڵام هەرگیز خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادەنەکردبوو، بۆیە دەستیکرد بە راکێت شکاندن.
 
بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکە، پەنا بۆ گێمی پێنجەم برا، ئەوەبوو لە بە ئەنجامی شەش چوار یاریزانە ئیسپانییەکە یارییەکەی بردەوە.
 
ئەمە دووەم گراندسلامی ئەلکاراز بوو لە مێژوویدا، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو نازناوی ئەمریکای بردەوە، بردنەوەیەک کە 34 یاریی و ماوەی 10 ساڵ بوو کەس نەیتوانی بوو لەسەر ئەم یاریگە شکست بە جۆکۆ بهێنێت. 
 
بەهۆی سەرکەوتنەکەوە، ئەلکارازی ئیسپانی پارێزگاریی لە پێشەنگی تێنسزانانی جیهان کرد، هەروەها نازناوی 12ـمینی مێژووی بوو. 
 
ئەلکاراز نەک هەر تەنیا خۆی نازناوەکەی بردەوە، بەڵکو نەیهێشت گراندسلامی 24 بۆ جۆکۆڤیچ بچێت و نەشیهێشت نۆلێ هەشتەمین ویمبڵدن و یەکسانکردنەوەی ژمارەکەی رۆجێ فێدێرێر بۆ نۆڤاک بە ئاسانی یەکلاببێتەوە.