ڤیدیۆ؛ ئینتەرمەیامی مێسیی بەشێوەیەکی جیاواز ناساند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بەشێوەیەکی فەرمی، لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی نوێی یانەکەی و سێرخیۆ بوسکێس، یاریزانی ئیسپانیی وەک یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان.
 
هەزاران هاندەر لە ویلایەتی فلۆریدا ئەمریکا، خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە لیۆنێل مێسی ئامادەکردووە و چاوەڕوانی ساتی دەستپێکردنی ئاهەنگی یانەکەیان دەکەن بۆ ناساندنی مێسی.
 
بەڵام بارانێکی زۆر و رەشەبایەکی بەهێز، یانەکەی ناچارکرد داوای لێبوردن لە هاندەرانی بکات و رێوڕەسمی ناساندنی مێسی و سێرخیۆ بوسکێس، وەک یاریزانانی نوێی یانەکە دوو کاژێر دواخرا، لەگەڵ ئەمەشدا هاندەران باران و بایە بەهێزەکەیان بەجێنەهێشت و لە چاوەڕوانی مێسی و نەمانی کەشە ناخۆشەکەدا مانەوە.
 
باران و بایە بەهێزەکە وەستان، لیۆنێل مێسی و هاوژین و منداڵەکانی لەنێو پێشوازیی هاندەراندا گەیشتنە یاریگە، ئیدی هەمووان تێگەیشتن کاتی دەستپێکردن نزیکە.
 
ئاهەنگە سەرنجڕاکێشەکەی ئینتەرمەیامی لە یاریگەی DRV PNK دەستیپێکرد، لە شەوێکی مێژووییدا و بە ئامادەبوونی 18 هەزار هاندەر، لیۆنێل مێسی بانگکرا و هاتە نێو یاریگە.
 
لیۆ ناسێنرا، ئەستێرە ئەرجەنتییەکە درێسی ژمارە 10ـی وەرگرت و ئیدی قۆناخێکی نوێ لە خولێکی نوێ و لەگەڵ یانەیەکی نوێ دەستپێدەکات.
 
جگە لە ناساندنی مێسی، سێرخیۆ بوسکێس، یاریزانی ئیسپانیش جارێکی لەگەڵ مێسی دەردەکەوێت و بۆ یەک یانە یارییدەکەن، کاپتنی پێشووی بارسێلۆناش لەنێو هاندەرانی یانەکەدا ناسێنرا و درێسی ژمارە 5ـی وەرگرت.
 
مێسی و بوسکێس دەبنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە ئینتەرمەیامی و ئیدی هەمووان چاوەڕێن، ئەستێرەکەی تانگۆ سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەبکات لە یانەکەدا.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی بۆ ماوەی دوو ساڵە و لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، یاریزانەکە لەو مایەوەدا ساڵانە 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە وەردەگرێت، دوای وازهێنانیشی لە یارییکردن بەشێکی پشکەکانی یانەکە بە لیۆ دەدرێت.