دیبالا دڵی مۆرینیۆ خۆش دەکات

17-07-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا، بڕیاری پاولۆ دیبالای ئەستێرەی پێشووی یوڤێنتوسی ئاشكرا كرد سەبارەت بەو تیپەی كە دەیەوێت وەرزی داهاتوو بچێتە ریزەکانی.
 
دیبالا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا ریزەکانی یانەی خانمە پیرەکەی بەجێهێشت، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکەدا، کە ئێستا یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە لایەن چەندین یانەوە داواکراوە، لەوانەش ئینتەرمیلان، ناپۆلی، میلان و رۆما.
 
بەپێی میدیای ئیتاڵیا، لە پێشهاتێکی نوێدا، دیبالا ئامادەیە دەستەوارەکەی رۆما قبوڵ بکات و رازی بێت پەیوەندی بە یانەی پایتەختەوە بکات و لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پورتوگالی یاری بکات.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، جیالۆرۆسی بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو دەستەوارەیەکی پێشکێشی دیبالا کردووە، کە ئامادەیە مووچەی ساڵانەی بکاتە 6 ملیۆن یۆرۆ.
 
پاولۆ دیبالا، سەرەتا نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە ئینتەرمیلانەوە، بەڵام نێرازوری پێویستی بە فرۆشتنی یەکێک لە هێرشبەرەکانی هەیە، ئەلێکسیس سانچێزی چیلی یان ئیدین دزیکۆی بۆسنی، بەڵام ئێستا ئەو کارە بۆ کارگێڕیی ئیتەرمیلان ئاسان نییە.
 
ئەم بڕیارە نوێیەی دیبالا جێگەی سەرسوڕمانە، بەتایبەتی کە زۆر لەو یانانەی داوای دەکەن وەرزی داهاتوو بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن، بەپێچەوانەی رۆما کە بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات.
 
شایانی باسە مۆرینیۆ بێزاری خۆی لە گواستنەوەکانی ئیدارەی جیالۆرۆسی لە میرکاتۆی هاوینی ئێستا دەربڕیوە، راشکاوانە رایگەیاندووە، کە کەمێک بێهیوا بووە لە بازاڕی گواستنەوەی رۆما، بۆیە دەکرێت گرێبەستکردن لەگەڵ پاولۆ دیبالا دڵی مۆرینیۆ خۆش بکات.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن کە مۆرینیۆ خۆی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دیبالا کردووە بۆ ئەوەی رازی بکات بچێتە رۆما.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە