ڤیدیۆ؛ گەڕی 19ـی تور دێ فرانس

17-07-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
ماتی مۆهۆریچی سلۆڤینی
ماتی مۆهۆریچی سلۆڤینی
A+ A-

رووداو دیجیتال

 

ماتی مۆهۆریچی سلۆڤینی و پاسکیلسواری تیمی بەحرەین بووە براوەی گەڕی 19ـی تور دێ فرانس.

دوای 24 کاژێر لە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش لەگەڵ تیمی بەحرەین، ئەو تیمە بە سەرکردایەتی ماتی مۆهۆریجی سلۆڤینی بووە براوەی گەڕی 19ـی سووڕانەوەکانی تور دێ فرانس.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 19ـدا 142 پایسکیلسوار بەشدارییان کرد، کەشەکە بۆ پێشبڕکێ گونجاو بوو، بەو پێیەی درێژیی رێگەکە ئەوەندە تاقەتپڕووکێن نەبوو کە یاریزانەکان بێزاربن، بەڵکو زۆربەی شەقامەکان جگە لەوانەی سەرەتا، تەختایی بوون، 

یاریزانە تەمەن 26 ساڵەکە کە پاڵەوانی جیهان بوو ئەو کاتەی کە لە خوار 23 ساڵی یاری دەکرد، پێش 20 پایسکیلسواری دیکە کەوت کە نزیکبوون لێیەوە و بووە پاڵەوانی رۆژی هەینی، کە رکابەرییەکان لە مۆرینک بۆ لیبرۆن بەڕێوەچوو لە نزیک رووباڕی دۆردۆنی.

سەرکەوتنەکەی ماتی بووە هۆی بێ هیوایی مارک کاڤیندیچی بەنێوبانگ، دوای ئەوەی نەیتوانی ژمارەی پێوانەیی ئیدی میرکس تێبەپڕێنێت کە بردنەوەی 34 گەڕ بوو لە یارییەکانی تور دێ فرانس.

پێشبڕکێیەکان نزیکەی 207 کیلۆمەتر بوو، ئەو یاریزانە سلۆڤینییە ئەمە نۆیەم بردنەوەیەتی لە پاڵەوانێتییەکەدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.

درێسی زەرد و پێشەنگی ریزبەندییەکەش بۆ هەفتەی 12 لەسەریەک لەلای تیمی ئیمارات مایەوە کە تادێ پۆگاساری سلۆڤینی دەیپارێزێت.

ماتی مۆهۆریچ ماوەی کێبڕکێیەکەی بە چوار کاژێر 19 خولەک و 17 چرکە بڕی، پلەی دووەمیش بەر کریستۆف لاپۆرتی فەرەنسی کەوت کە زیاتر لە خولەکێک لەدوای ماتییەوە بوو، کاسپەر پێدێرسنی دانیمارکیش کە لە هەمان ساتی کریستۆفدا هێڵەکەی پەراند بەڵام بە جیاوازی چەند لە سەدی چرکەیەک پلەی سێیەمی بۆ مایەوە.

تەنیا دوو گەڕ لە یارییەکانی تور دێ فرانس ماوە، لە گەڕی داهاتوودا کە ئەمڕۆ دەکرێت، پاسکیلسوارەکان لە لیبۆرنەوە بەرەو سان ئیمیلیۆن دەچن، بەڵام ئەمە دووەم کورترین مەودا دەبێت لە پاڵەوانێتییەکەدا چونکە تەنیا 30 کیلۆمەتر دەبڕن، دواتر لە شاتۆوە بەرەو پاریس و شانز لیزێ دەچن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە