بن زاید بۆ گواردیۆلا هاتووەتە سەرهێڵ

17-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئینگلتەرا، ئاشکرایکرد کە مانچێستەر سیتی پابەندە بە هێشتنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکەی، پێپ گواردیۆلا، کە پێشتر رایگەیاندووە لە کۆتایی وەرزی داهاتوو لە یانەکە دەڕوات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە پێپ گواردیۆلا دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرزی داهاتوو یانەکە جێدەهێڵێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سەنی بەریتانی، شێخ مەنسور بن زاید خاوەنی یانەی مانچێستەر سیتی بەشێوەیەکی کەسی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی دانوستاندنەکانی گواردیۆلا دەکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بن زاید لەم هەفتەیەدا لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لە گواردیۆلا کردووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی گواردیۆلا بکەن.
 
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە کە خەلدون موبارەک، سەرۆکی یانەی مانچێستەر سیتی بەڵێنی داوە هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی گواردیۆلا رازی بکات گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکە نوێ بکاتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە مووچەی گواردیۆلا زۆر زیاد بکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی گواردیۆلا.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە ئێستا ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ مووچە لە یانەکەی شاری مانچێستەر وەردەگرێت، بەڵام یانەکە ئامادەیە مووچەیەکی زۆر زیاتری پێبدات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەکە هیوادارە لە هاوینی داهاتوودا گواردیۆلا  راهێنەری تیپەکە بێت لە مۆندیالی یانەکاندا بە فۆرمە نوێیەکەی، بە بەشداریی 32 تیپ.
 
گرێبەستەکەی گواردیۆلا لەگەڵ سیتی لە 30ـی حوزەیرانی 2025 کۆتایی دێت، واتە تەنیا دوو هەفتە پێش وادەی دیاریکراوی جامی جیهانی یانەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە