ناپۆلی بۆ کڤاراتسخیلیا: داهاتووی تۆ لەدەست ئێمەدایە نەک دایک و باوکت

17-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خڤیشا کڤاراتسخیلیا یانەی ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، کێشەی داهاتووی یاریزانەکەی خڤیشا کڤاراتسخیلیا، یاریزانی باڵی هەڵبژاردەی جۆرجیای چارەسەرکرد و دووپاتیکردەوە کە یاریزانەکە بۆ فرۆشتن نییە. لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیشدا، گوتی "بەرێوەبەری کارەکانی یاریزان ناتوانێت بڕیار لەسەر داهاتووی یاریزانەکە بدات".
 
بەڕێوەبەری کاروباری ئەو یاریزانە لە لێدوانێکدا مشتومڕی لەسەر داهاتووی کڤارا دروست کرد، دوای ئەوەی دووپاتیکردەوە کە کڤاراتسخیلیا دەیەوێت وەرزی داهاتوو ریزەکانی ناپۆلی جێبهێڵێت، بەتایبەتی بەهۆی بەشدارینەکردنی تیپەکەی لە چامپیۆنزلیگدا. باوکیشی هەمان قسەی دووپاتکردەوە.
 
ناوی کڤاراتسخیلیا بۆ وەرزی داهاتوو بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بەستراوەتەوە، گوایە ئەو یانەیە دەیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید.
 
ناپۆلی لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، ئەمڕۆ دووشەممە وەڵامێکی تووند و ئاگرینی بەرێوەبەری کارەکانی کڤاراتسخیلیای دایەوە، کە تێیدا هاتووە "بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی بەڕێوەبەری کارەکانی کڤاراتسخیلیا و باوکی، ناپۆلی پشتڕاستی دەکاتەوە کە یاریزانەکە گرێبەستی بۆ ماوەی 3 ساڵی دیکە لەگەڵ یانەکەدا هەیە".
 
هەروەها یانەکەی باشووری ئیتاڵیا، لەو بڵاوکراوەیەدا دووپاتیدەکاتەوە "کڤاراتسخیلیا بۆ فرۆشتن نییە و داهاتووی یاریزانەکە لەلایەن بەڕێوەبەری کارەکانی و دایک و باوکییەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو لەلایەن یانەی ناپۆلییەوە دیاری دەکرێت".
 
کڤاراتسخیلیا، تەمەن 23 ساڵ لە هاوینی 2022 یانەی دینامۆ باتومی جۆرجییەوە پەیوەندی بە یانەی ناپۆلییەوە کرد.
 
ئەستێرەی هەڵبژاردەی جۆرجیا وەرزی رابردوو 45 یاری لەگەڵ ناپۆلی ئەنجامدا و 11 گۆڵی تۆمارکرد و 9 ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد.
 
لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی ناپۆلییەوە کردووە، کڤاراتسخیلیا 88 یاری ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 25 گۆڵی تۆمارکردووە و 26 ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە، هەروەها بەشداریکردووە لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا لە وەرزی 2022 ـ 2024 لەلایەن ناپۆلییەوە.
 
کڤاراتسخیلیا ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەگەڵ هەڵبژاردەی جۆرجیا کە لە کۆمەڵەی پێنجەمدا شانبەشانی پۆرتوگال و کۆماری چیک و تورکیا یاری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە