بێلینگهام نهێنی ئاهەنگگێڕانە سەرنجڕاکێشەکەی لەگەڵ ئارنۆڵد ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

جود بێلینگهام، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، شێوازی ئاهەنگگێڕانی لەگەڵ هاوڕێی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، دوای ئەو گۆڵەی بەرامبەر سڕبیا تۆماریکرد، ئاشکرا دەکات.
 
لە یاریی ئینگلتەرا و سڕبیادا، بێلینگهام دوای ئەوەی تاکە گۆڵی ئینگلتەرای تۆمارکرد، لەگەڵ ئارنۆڵد بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش ئاهەنگییان گێڕا و بووە جێگەی پرسیاری هەمووان.
 
گۆڵەکەی بێلینگهام لە خولەکی 13ـی یارییەکەدا تۆمارکرا، لە رێگەی لێدانی سەرەوە لە ناو ناوچەی سزادا.
 
بێلینگهام سەرەتا بەشێوازە بەنێوبانگەکەی ئاهەنگی گۆڵەکەی گێڕا، کاتێک بەرەو هێڵی یاریگاکە رۆیشت و لە بەردەم هاندەران قۆڵەکانی کردەوە.
 
پاشان بێلینگهام و هاوڕێکەی ئارنۆڵد بەشداری ئاهەنگێکی نوێیان کرد، بەو پێیەی لەسەر ئەژنۆ دانیشتن و دەستیان خستە سەر سەریان، ئەمەش سەرنجی هەمووانی راکێشا، چونکە یەکەمجارە بەو شێوەیە ئاهەنگ بگێڕن.
 
دوای یارییەکە بێلینگهام روونیکردەوە کە ئاهەنگەکە پەیوەندی بە یاریێکەوە هەیە بە ناوی "گورگ" کە یاریزانانی ئینگلتەرا لە کاتی پشوودا پێکەوە ئەنجامی دەدەن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ئاهەنگەکە لە یارییەکەوە بووە کە ئێمە ئەنجامی دەدەین بە ناوی "گورگ"، یەکێک لە کارمەندەکان هەمیشە دەموچاوی خۆی بەم شێوەیە دەگرێت کاتێک نازانێت چی دەگوزەرێت، بۆیە ئاهەنگەکە زیاتر بۆ ئەو ستافی پشت پەردەکانەوە بووە، کە  هەموو رۆژێک کارێکی زۆر دەکەن و هیچ خەڵاتێکی لەم شێوەیە بەدەست ناهێنن، بۆ نموونە خەڵاتێکی وەک ئەوەی بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەدرێت، ئەوان تەنانەت ئەو ساتە خۆشانەش بەدەستناهێنن کە ئێمەی یاریزانان دەتوانین لە یاریگەدا بەدەستییان بهێنین، بەڵام ئێمە زۆر پێزانینمان بۆ ئەوان هەیە و گرنگە لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا پارێزگاری لەم کەشوهەوایە".