نەسڕ دەیەوێت هاوڕێیەکی رۆناڵدۆ بگوازێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی دەیەوێت هاوڕێیەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی نزیک لە یانەکە، کارگێڕیی یانەی نەسڕ کاردەکات بۆ ئەوەی یاریزانێکی دیکەی پۆرتوگالی بباتە ریزەکانی، کە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەدا لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییدەکات، ئەو یاریزانەش ویلیام کارڤایۆی، بەرگریکاری یانەی ریال بێتیسە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یاریزانەکە نزیکە لەوەی گرێبەستی یانەی نەسڕ قبوڵ بکات و وەرزی داهاتوو بەدرێسی ئەو یانەیەوە درێژە بە کاروانی یارییکردنی بدات.
 
یاریزانەکە تەمەنی 31 ساڵە، بەرگریکارێکی بەتوانایە و بە جەستەیەکی پتەو و یاریزانێکی بەتوانا ناسراوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال بێتیس تاوەکو هاوینی 2026ـە، بەڵام ئەگەری هەیە یانەی نەسڕ لەسەر جێبەجێکردنی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە بگاتە رێککەوتن.
 
رۆژنامەی وەئامی سعودی نووسیوویەتی "چەند کاژێری داهاتوو کارڤایۆ لەگەڵ نەسڕ لەسەر هەموو مەرجەکان دەگاتە رێککەوتن و پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات، مووچەی ساڵانەشی لە یانە سعودییەکەدا 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت."
 
یانەی نەسڕ وەرزی رابردوو هیچ یەکێک لە نازناوەکانی خول و پاڵەوانێتییەکانی سعودیەی نەبردەوە، بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.