ریال مەدرید داوای یاریزانێکی دەکات دایکی ئێمباپێ بەڕێوەبەریەتی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەگەڵ ئەوەی سێ گرێبەستی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا ئەنجامداوە، چاوی لە گواستنەوە چەند یاریزانێکی دیکەیە و یەکێک لە یاریزانەکانیش، دایکی ئێمباپێ بەڕێوەبەری کارەکانیەتی.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، یانەی ریال مەدرید چاوی لە تواناکانی رەیان شەرقی، یاریزانی یانەی لیۆنی فەرەنسییە، کە لە هێڵی ناوەڕاست یارییدەکات و دەتوانێت رۆڵی هێرشبەریش ببینێت.
 
یاریزانەکە تەمەنی 19 ساڵە، فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ بەڕێوەبەری کارەکانی ئەم یاریزانەیە و چەند هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی کارەکانی یاریزانەکەی وەرگرتووە.
 
جگە لە ریال مەدرید یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیش چاوی لە گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە و دەیەوێت سوود لە کیلیان ئێمباپێ وەربگرێت بۆ ئەوەی دایکی رازی بکات، رەیان پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
رەیان شەرقی، باوکی بەرەچەڵەک جەزائیرە، دایکی ئیتاڵییە و خۆی لە فەرەنسا لە دایکبووە، تاوەکو ئێستا یاریی بۆ هەڵبژاردەکانی خوار 16، خوار 19 و خوار 21 ساڵان یارییکردووە و لەسەر ئاستی یانەکانیش بۆ هەردوو تیپی دووەم و یەکەمی لیۆن یارییکردووە و گرێبەستی ئێستای لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 27 ملیۆن یۆرۆ.