رۆناڵدۆ و پۆگبا سزا دەدرێن؟

رووداو دیجیتال

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بەهۆی لادانی بووتڵی کۆکا کۆلا و بیرە لە لایەن رۆناڵدۆ و پۆگباوە لەسەر مێزەکانیان، هۆشداری دەداتە هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و فەرەنسا.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی یاریی پۆرتوگال و هەنگاریا لە یۆرۆی 2020ـدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگال بووتڵەکانی کۆکا کۆلای سپۆنسەری پاڵەوانیەتییەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای لە مێزەکەی بەردەمیدا لابرد، شووشەیەک ئاوی لە جێگایان دانا و گوتی "من ئاو دەخۆمەوە".

دواتر لە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی یاریی ئەڵمانیا و فەرەنساشدا، پۆل پۆگبای یاریزانی موسڵمانی فەرەنسی بووتڵێک بیرەی کەسەر مێزەکەی بەردەمیدا لابرد و ئەم دوو رووداوە، بەتایبەتیش هەڵوێستی رۆناڵدۆ کاریگەریی لەسەر پشکەکانی کۆمپانیای کۆکا کۆلا لە جیهاندا دروستکرد و دوور نییە رۆژانی داهاتوو کاردانەوەی زیاتر دروست بکات.

یۆفا بەهۆی ئەو دوو رووداوەوە هۆشداری دایە هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال و فەرەنسا و پێیڕاگەیاندن کە پێویستە خۆیان و یاریزانەکانیان پابەندبن بە گرێبەستی سپۆنسەرەکانی یۆرۆ.

رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە رایانگەیاند کە یۆفا بەبیری ئەو هەڵبژاردانەی هێناوەتەوە کە کۆمپانیا بازرگانییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە و گرەنتی پێشخستنی یارییەکەن لە ئەوروپا، بە پاڵەوانێتییەکانی لاوان و ئافرەتانیشەوە.

مارتن کاڵین، بەڕێوەبەری یۆرۆی 2020، گوتی "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە رۆناڵدۆ کردی، بەڵام تێگەیشتنێک هەیە بۆ بارودۆخی ئەو یاریزانانەی کە بە هۆکارێکی ئایینی ئەو کارە دەکەن".

مارتن کاڵین، گوتیشی "پابەندبوون بە گرێبەستی سپۆنسەرەکان بەشێکە لە یاساکانی پاڵەوانێتییەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتە بەشداربووەکان واژۆیان لەسەری کردووە".

ئەو دووپاتیکردەوە کە یۆفا بەنیاز نییە هیچ سزایەکی راستەوخۆی ئەو یاریزانانە بدات و گوتی "سزادان کاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکانیانە".

ئەو کارەی رۆناڵدۆ لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا راستەوخۆ بووە هۆکاری دابەزاندنێکی بەرچاوی پشکەکانی کۆمپانیای کۆکا کۆلا لە بۆرسەدا، دواتر پۆگباش ئەو کارەی کرد و ئینجا لۆکاتێلیی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتالیاش هەمان هەڵوێستی دووبارە کردەوە.