سانچێز سەرئێشە بۆ لاوتارۆ دروستدەکات

17-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئینتەرمیلان، سانچێز، بارسێلۆنا، لاوتارۆ مارتینێز
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژنامە و سەرچاوە میدیاییەکانی ئیتاڵیا, بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلان، بەتایبەت پاش چوونە دەرەوەی یانەکەی, لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا لەسەردەستی یانەی ناپۆلی.

رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی, بەدرێژی باسی لە مارتینێز کردووە و هەڵوەستەی لەسەر ژمارەکانی ئەو ‌هێرشبەر ئەرجەنتینییە کردووە و روونیکردووەتەوە: هەموو شتێک دەریدەخات، ئاستی ئەو زۆر دابەزیوە.

رۆژنامەکە دەڵێ, ئەو ئاستدابەزینە لەوکاتەوە سەریهەڵدا، کە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا پەیوەندییان بە لاوتارۆوە کرد و ویستی خۆیان پێشاندا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا. هەر ئەوەش وایکردووە ئێستا بوونی ئەو هێرشبەرە، لە پێکهاتەی یانەکەیدا جێگەی گومان بێت، لە کاتێکدا پێناچێت بەهۆی کۆرۆنا و تەنگژەی داراییەوە، بارسێلۆنا وا بە ئاسانی توانای گرێبەستکردنی لەگەڵیدا هەبێت.

 

لاگازێتا زیاتر دەڵێ: پاشەکشەی ئاست و توانا و گۆڵەکانی لاوتارۆ، وایکردووە ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەر وەک پێشتر پشتی پێنەبەستێت و پێیوایە سانچێز دەتوانێ لە یاریگەدا کاریگەریی زیاتر دروست بکات.

لاوتارۆ لە یەکەم 26 یاریدا لەگەڵ ئینتەرمیلان، لە وەرزی ئەمساڵدا 16 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە، بەڵام لە دوایین شەش یاری کۆتایی یانەکەیدا، هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە لە هیچ پاڵەوانیەتییەکدا. ئەم دۆخە لەوکاتەوە رووبەڕووی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە بووەتەوە کە لە 26ی مانگی کانوونی دووەمدا لە بەرامبەر کالیاری بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.

رۆژنامەکە دڵنیایە لەوەی، ئاستی خراپی لاوتارۆ کاریگەریی لەسەر ئاستی ئینتەرمیلانیش دروستکردووە و لە هەفتەکانی داهاتوودا، سانچێز دەبێتە هاوبەشی رۆمیلۆ لۆکاکۆ لە هێڵی هێرشبەریی یانەی ئینتەرمیلاندا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە