دیدێ دیشام: ئێمباپێ یانەی داهاتووی دەستنیشانکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، باس لە داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەی دەکات بەر لە چوونیان بۆ ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024.
 
دیشام لەکاتی راگەیاندنی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێ و کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانی فەرەنسا بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 گوتی " دەزانم دەتەوێت بەرەو ئەو بابەتە رامبکێشیت، بەڵام من متمانەی تەواوم بە ئێمباپێ و هەموو تیپەکە هەیە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا زیاتر دەڵێت "من بەپەلە نیم بۆ ئەوەی داهاتووی یاریزانەکە بزانم، لە راستیدا لە بیرکردنەوەی مندا روونە کە راگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە کە بەرەو کوێ دەڕوات، هەروەها ئەو شوێنی داهاتووی خۆی دەزانێت و ئەوە زۆر گرنگە، ئێمباپێ ماوەیەکی درێژە یانەی داهاتووی دەستنیشانکردووە."
 
دیدێ هێشتا قسەیکرد و گوتی "ئەگەر یانەی داهاتووی ئاشکرا نەکات، رێگە لە ئازادی و بیرکردنەوەی دەگرێت دەکرێت بکەوێتە ژێر گوشارەوە.'
 
دیدێ دیشام، رۆژی پێنجشەممە لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 راگەیاند، کیلیان ئێمباپێ سەرکردایەتیی تیپەکە دەکات لەو پاڵەوانێتییەدا کە کەمتر لە مانگێکی ماوە لە ئەڵمانیا دەستپێبکات.
 
پێشتر کیلیان ئێمباپێ لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاندبوو، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵێت، کاتێک بەشداریی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی فەرەنسادا کرد لەبارەی یانەی داهاتوویەوە گوتی "ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە ئەوەیە کە لە پاریس سانجێرمان دەڕۆم، بۆ ئەوەی بزانن دەچمە کوێ، جارێ زووە بیزانن، بەڵام من هەمیشە لە کاتی گونجاودا بڕیاری خۆم لەبارەی شتەکانەوە ئاشکرا دەکەم.'