چەکی مان سیتی و ریال مەدرید بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

17-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ریال مەدرید چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی بەڕێوەدەچێت، بلیتی دووەمی یاریی کۆتایی یەکلادەبێتەوە.
 
کاژێر 22:00 هەردوو یانە لەسەر یاریگەی ئیتیحاد بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، ریال مەدرید لە یاریی چووندا لە یاریگەی خۆیدا بە 1-1 یەکسانبوو، مان سیتی دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت و وەک چەکێکی بەهێز بۆ بردنەوەی یارییەکە بەکاربهێنێت، ریال مەدریدیش چاوی لە ئەزموون و پلانەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتییە.
 
لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی جگە لە ناتان ئاکێ کە پێکانی هەیە، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن و پێپ گواردیۆلا و پێکهاتەکەی بۆ ئەم ئاڵنگارییە زەحمەتە ئامادەن.
 
لە یانەی ریال مەدرید هیچ یاریزانێک کێشە و پێکانی نییە و سەرجەم یاریزانەکانی سپی پۆشەکان بە ورە بەرزییەوە روویانکردووەتە ئینگلتەرا و دەیانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی یارییەکە و گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەن.
 
مانچێستەر سیتی بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەکەی یارییدەکات، کە نزیکبوونەوەیە لە بردنەوەی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ، لەکاتێکدا پێشتر یارییەکی کۆتایی دۆڕاندووە، ریال مەدریدیش دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە پارێزگاریکردن لە نازناوی وەرزی رابردوو و بەدەستهێنانی نازناوی پازدەیەمی پاڵەوانێتییەکە نزیکببێتەوە.
 
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگدا نەدۆڕاندووە، لە دوایین 18 یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاوە، ئەمشەو لەبەردەم هەلێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ریال مەدرید تێبپەڕێنێت و بپەڕێتەوە بۆ یاریی کۆتایی، بەڵام گواردیۆلا و یاریزانەکانی لەوە تێدەگەن، ریال مەدرید لە هەر بارودۆخێکدا هەر ریال مەدریدە و گەورە و پاشای چامپیۆنزلیگە، بۆیەش یارییەکە بۆ هەردوولا ئاسان نابێت.
 
براوەی ئەم یارییە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە 10-6-2023 لە ئیستەنبووڵ رکابەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ لەسەر ئاستی یانەکانی ئەوروپا.
 
گواردیۆلا: بەرامبەر ریال مەدرید فەلسەفەی زۆر لێنادەم

 
هیوادارم لە یارییەکەدا پێکهاتەکەمان ببینن، لێرەدا ناتوانم پێتان بڵێم، چونکە ئەنچێلۆتی دەیزانێت. هیچ شتێکی تایبەت نابێت، بۆیە چاوەڕێی ئەوە مەبن، بۆ یارییەکە زۆر بیرناکەمەوە و فەلسەفەی زۆر لێنادەم، تەنیا هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی رێکوپێکتر یاریی و تاڕادەیەک باشتر یاریی بکەین.
 
نازانم کێ بەربژێرە بۆ بردنەوە، ناتوانم پێشبینی بکەم، نازانم، بەدڵنیاییەوە ئێمە لە پاڵەوانێتییەکەداین و دەمانەوێت لە هەموو وەرزێکدا زیاتر بچینە پێشەوە، بەڵام وردەکاریی بچووک هەن، لە یارییەکەدا بەختێکی باشم ناوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هیوای بەختی ناخۆش بۆ تیپەکەم ناخوازم، هیوادارم ئەو تیپە سەربکەوێت کە شایەنی بردنەوەیە و گرنگ نییە کە کاممان دەبین، هیوادارم ئێمە بین، بزانین چۆن دەبێت، پێویستە لەسەر ئێمە باشترین ئاست پێشکێشبکەین، زۆربەی بیرکردنەوەمان لەوێیە، دەبێت ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین بۆ ئەوەی لە ریال مەدرید ببەینەوە، ئەگەرنا قورس دەبێت.
 
بۆچی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتووە؟ ئەوە چ پرسیارێکی نایابە، من وەڵامەکەی نازانم، ئەگەرنا دەمزانی چۆن لێیان ببەمەوە، دەڵێم لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە یاریزانی زۆرباشیان هەبووە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە، ئەگەر ئەو یاریزانانەیان نەبووایە نەیاندەتوانی ئەوەی ساڵی رابردوو کردیان بیکەن، کاتێک میلان لەژێر سەرپەرشتی ئەریگۆ ساکی و فابیۆ کاپێلۆ بوو، کاتێک ئێمە لە بارسێلۆنابووین، یاریزانی کوالێتی بەرز و لە بەرزترین ئاستمان هەبوو.
 
ئەنچێلۆتی: تەنیا بیر لە هالاند ناکەینەوە

 
ئەمڕۆ من زۆر ئارامم و پڕم لە هیواو بڕوای زۆرم هەیە.زۆر باش ئاشنای رۆژی ئەو یاریەم و ئەمەش ئەو رۆژەیە کە دڵەراوکێ رووت تێدەکات و بەقوڵی لەشتەکان دەڕوانی، ئینجا ئاخۆ هالاند گۆڵ تۆماردەکات؟ یاخود کیڤن دیبرۆین ئازارت دەدات؟ بەڵام هەوڵ دەدەم ئەوە لە خەیاڵم دەرکەم و بیر بڕینەکانی ڤینیسیۆس و ئامادەیی کەرمیم لە نێو ناوچەی سزا بکەمەوە، دەبێت والەخۆت بکەی بیر لە شتە ئەرینییەکان بکەیتەوە نەوەک شتە نەرێنیییەکان."
 
"کاتێک تیپێک هەڵذەسەنگێنین، بەتەنیا هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانێک ناکەین، کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ هالاند دەکەی یاخود روونکردنەوەی لەسەر دەدەی،  و رونکردنەوە لەسەر دی برۆین یاخود گوندۆگان یاخود رۆدریگۆ یاخود مەحرەز یاخود بێرناردۆ سێلڤا ناکەی دەیدۆڕێنی. دەبێت پلانی باش بۆ یارییەکە دابنێین و لەگەڵ تیپەکەم لایەنی بەرگری ئامادەبکەی، ئەگەر بڕیاروابێ ئەوان گۆڵ تۆماربکەن باشتروایە زوو بیکەن بۆ ئەوەی کاتمان لەبەردەستبێت بتوانین بگەڕێینەوە."



 




 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە