دۆسێیەکی دیکەی گومانی گەندەڵی لە دژی بارسێلۆنا کرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیسپانیا، بڕیاریدا دۆسێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە دژی یانەی بارسێلۆنا بکاتەوە. دۆسێیەکە پاش چەند کاژێرێکی کەم لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ لەلایەن بارسێلۆناوە، کرایەوە.
 
هۆکاری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکە، پەیوەندی بە دەستەوارەیەکی گوماناوییەوە هەیە کە کارگێڕیی پێشووی بارسێلۆنا، بەسەرۆکایەتی جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆ بەر لە چوار ساڵ ئەنجامیداوە.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، دەزگای باجی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەی لە دەستەوارەیەکی گوماناوی ئاڵوگۆڕ لە نێوان بارسێلۆنا و یانەی ڤالێنسیا دەستپێکردووە کە هاوینی 2019 ئەنجامدراوە.
 
بەپێی گومانەکان، لە هاوینی 2019دا یاسپەر سیلیسینی گۆڵپارێز بەرامبەر 26 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە چووەتە ڤالێنسیا و لە بەرامبەردا نیتۆی گۆڵپارێزی بەرازیلی بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ، لە ڤالێنسیاوە چووەتە بارسێلۆنا.
 
رۆژنامەکە گوتوویەتی، نووسینگەی داواکاری گشتیی، دۆسێی لە دژی هەردوو یانە کردووەتەوە، پاشئەوەی میگێل زۆریۆ، جێگری پێشووی سەرۆکی یانەی ڤالێنسیا، سکاڵایەکی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لەسەر هەردوو یانە تۆمارکردووە و رایگەیاندووە، ئامانجی ئەو ئاڵوگۆڕەی یاریزانان لە نێوان هەردوو یانەدا ساختەکاری و کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانی هەردوو یانە بووە.
 
ئەندامێکی یانەی ڤالێنسیا، هاوکات پیتەر لیمی سەرمایەداری سەنگافوری و سەرۆکی یانەکەی تۆمەتبارکردووە بەوەی ژمارەیەک گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزاندا کردووە کە بەڕێوەبەری کارەکانیان خۆرخی مێندێزە، بەبێئەوەی موڵکایەتی یانەکەی بەدەستهێنابێت.
 
میدیاکان دەڵێن، داواکاری گشتیی ئیسپانیا لە بڵاوکراوەیەکدا کردنەوەی دۆسێیەکەی لەدژی هەردوو یانە راگەیاندووە، بەڵام دووپاتیکردووەتەوە هیچ رێوشوێنیکی یاسایی لە دژیان ناگرێتە بەر لە ئێستادا و تەنیا درێژە بە لێکۆڵینەوەکان دەدات لەپێناو بەدەستهێنانی بەڵگەی زیاتردا.
 
ئەمە یەکەم دۆسێ نییە ئەمساڵ لە دژی بارسێلۆنا دەکرێتەوە. پێشتر یانەکە لەلایەن داواکاری گشتیی وڵاتەوە بە بەرتیلدان بە نیگرێرای جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان تۆمەتبارکراوە.
 
لە چەند رۆژی رابردووشدا، دەزگای باجی ئیسپانیا سزای پێبژاردنی بڕی زیاتر لە 15 ملیۆن یۆرۆی بەسەر یانەی بارسێلۆنادا سەپاند، بەهۆی پاداشت و پێدانی دیاریی نایاسایی بە یاریزانەکانی.