ئەنچیلۆتی: لەجیاتی ترس لە هالاند باشترە بیر لە بڕینەکانی ڤینیسیۆس بکەمەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، گەشبینە بە تیپەکەی بۆ ئەوەی ئەمشەو یارییەکی باش بکەن و بتوانن بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. دەشڵێت "سەرنجمان تەنیا لەسەر یەک یاریزانی مانچێستەر سیتی نابێت، چونکە ئەوە لەوانەیە بە دۆڕاندنمان بدات".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی یانەی مانچێستەر سیتی، کە یاریی چوون بە ئەنجامی یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهاتووە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا باسی خۆی کرد و گوتی "ئەمڕۆ زۆر ئارامم و پڕم لە هیوا و بڕوا".
 
کارلیتۆ لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە دەزانین ئەمە چ یارییەکە و بێگومان دوودڵییەکانمان دەگەڕێنەوە و دەستدەکەین بە بیرکردنەوە لە شتگەلێکی وەک ئایا ئێرلینگ هالاند گۆڵ تۆماردەکات یان دی برۆین ئازارت دەدات، بەڵام من هەوڵدەدەم ئەو بیرکردنەوانە لە مێشکم دەربهێنم و لەبری ئەوە بیر لەوە بکەمەوە کە ڤینیسیۆس یاری بە یاریزانان دەکات یاریزانەکان بکات و کەریم بنزیما لە ناوچەی سزادا چاوەڕێی بکات، دەبێت بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە مێشکت دەربهێنی و سەرنجت لەسەر ئەرێنییەکان بێت".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانەی ئیسپانیا، باسی یانەی رکابەریانی کرد و گوتی "ئێمە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ تیپێک دەکەین، سەرنجمان تەنیا لەسەر یەک یاریزان نابێت، کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئێرلینگ هالاند دەکەیت و بایەخ بە رۆڵی کیڤن دی برۆین، ئیلکای گوندۆگان، ریاز مەحرەز یان بێرناردۆ سیلڤا نادەی، لەوانەیە تۆ بدۆڕێیت". 
 
ئەوە دووپاتیشیکردەوە "ئێمە پلانێکی باشمان هەیە بۆ ئەم یارییە و لەگەڵ ستافەکە بە باشی ئامادەکاریمان بۆ لایەنەکانی بەرگری کردووە، ئێمە دەزانین ئەگەر ئەوان گۆڵێک تۆماربکەن باشترە زوو تۆماری بکەن بۆ ئەوەی کاتێکی تەواومان هەبێت بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوە".