یارییەکەی ئەمشەو چارەنووسی کارلۆ ئەنچیلۆتی یەکلادەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پلانی خۆیان لەبارەی داهاتووی کارکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر لەگەڵ یانەکە یەکلاکردووەتەوە.
 
میدیای ئیسپانی گوتوویانە، کارگێڕیی ریال مەدرید مەیلی ئەوەی هەیە کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام بێت و لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و بۆ ئەوەش چەندین هۆکاریان هەیە.
 
گرێبەستی ریال مەدرید لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی لە هاوینی ساڵی داهاتوودا کۆتایی دێت، گەرچی بەرپرسانی بەرازیل هەوڵی زۆر دەدەن، میستەر کارلۆ بە مەشقدانی هەڵبژاردەی سامبا رازی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بە ئاکام نەگەیشتوون.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، هۆکاری یەکەمی مەیلداریی بەرپرسانی ریال مەدرید بە بەردەوامبوونی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە مەشقدانی یانەکە، پەیوەندی بەو کارەوە هەیە کە لە دوو وەرزی رابردوودا ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەکەدا کردوویەتی و هەموو نازناوەکانی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.
 
هۆکارێکی دیکە بۆ بەردەوامبوونی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید لەسەر ویستی بەرپرسانی یانەکە، ئەوەیە کە ئێستا هیچ جێگرەوەیەکی ئامادە بەردەست نییە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنچیلۆتی ئەگەر ئەو راهێنەرە لە یانەکە بڕوات. ئەمە جیا لەوەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە چەندین وێستگەی جیاوازدا کاری ناوازەی کردووە بۆ تیپەکە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، هۆکارێکی گرنگ بۆ مانەوەی ئەنچیلۆتی بریتییە لە سەرکەوتنی یانەکە بەسەر بارسێلۆنا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی جامی شا و دەرکردنی هەریەکە لە لیڤەرپوول و چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، بەرپرسانی ریال مەدرید سەرسامن بەشێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە لەلایەن ئەنچیلۆتییەوە کە بە ئارامی گوزەر دەکات.
 
لە بەرامبەردا وەک هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەنچیلۆتی تەنیا لە دوو حاڵەتدا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەگەر تیپەکە بە ئەنجامێکی قورس ئەمشەو بە مانچێستەر سیتی بدۆڕێت، یان بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لەوێ یارییەکە بدۆڕێنێت.
 
پێشتر کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید زیاتر لە جارێک دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە ویستی بەردەوامبوونی لەگەڵ یانەکە هەیە تاوەکو کۆتایی هاتنی لە هاوینی 2024دا.