ڤیدیۆ؛ ئینتەر بلیتێکی چوون بۆ ئیستەنبووڵی بڕی و چاوەڕێی مان سیتی و ریال دەکات

17-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئینتەرمیلان
ئینتەرمیلان
نیشانەکردن ئینتەرمیلان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەشایەستییەوە گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا سەرکەوتنی بەرامبەر میلانی هاوشاریی بەدەستهێنا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی ئینتەرمیلان میوانداریی میلانی کرد، ئینتەر یاریی چوونی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردبووەوە و هەلێکی زیاتری هەبوو بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی، بۆیە میلان بەهێرشبردن دەستی بە یارییەکە کرد و هەوڵیدەدا گۆڵ تۆماربکات، بەڵام هیچی پێنەکرا و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکە پێچەوانەی پێشبینییەکان و ئەوەی هاندەرانی رۆسۆنێری چاوەڕێی بوون، لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی لە خولەکی 74 گۆڵێکی بۆ ئینتەرمیلان تۆمارکرد و کۆتایی بە خەونی ئەیسی میلان هێنا.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو تاکە گۆڵە مایەوە، ئینتەرمیلان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 3 گۆڵی لە میلان کرد و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2010ـەوە و شەشەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
لاوتارۆ بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، بەو گۆڵەی بەرامبەر میلان تۆماریکرد ئێستا یاریزانەکە لە هەموو خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەرامبەر یانەکە گۆڵی کردووە، لە خولی ئیتاڵیا، جام و جامی سوپەری ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگ.
 
جگە لەوەش یاریزانەکە بووە پێنجەم یاریزان 10 گۆڵ یان زیاتر بەدرێسی ئینتەرەوە بکات لە چامپیۆنزلیگدا، دوای ئەدریان لیێتی، جولی کرووس، هێرنان کریسپۆ و ساموێل ئیتۆ.
 
دوای گەیشتنی ئینتەرمیلان بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، سیمۆنی ئینزاگی بووە یەکەم راهێنەری ئیتاڵی لە دوای 51 ساڵ، بتوانێت یانەکە بگەیێنێتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لە ئێستاوە یانەکە بلیتێکی ئیستەنبووڵی بۆ یاریی کۆتایی بەدەستهێنا و چاوەڕێی براوەی مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە