نیوکاسڵ دەیەوێت پڕۆژە گەورەکەی بداتە دەست مۆرینیۆ

17-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ نیوکاسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خاوەنە نوێیەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی دەیانەوێت پڕۆژەی یانەکەیان بدەنە دەست خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، کە ئێستا سەرپەرشتی یانەی رۆمای ئیتاڵی دەکات و یانەکەی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگ.
 
دوای مانەوەی لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا، یانەی نیوکاسڵ یونایتد سەرقاڵی داڕشتنی پلانەکانیەتی بۆ وەرزی داهاتوو و دەیەوێت دەست بە پڕۆژە گەورەکەی بکات، بۆ ئەوەش راهێنەرێکی بەنێوبانگی کردووەتەوە ئامانج.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی و میدیای بەریتانیا بڵاویانکردەوە، کارگێڕیی یانەی نیوکاسڵ کاردەکات بۆ ئەوەی جۆزێ مۆرینیۆ رازی بکات، پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی پڕۆژەی یانەکە بکات، لەکاتێکدا گرێبەستی مۆرینیۆ لەگەڵ رۆما تاوەکو 2024 بەردەوامدەبێت.
 
ماگپایز دەیەوێت دەستەوارەیەکی گەورە بخاتە بەردەم مۆرینیۆ، مووچەیەکی گەورەی پێشکێشبکات و مەرجێکی گەورەش لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دابنێت، بۆ ئەوەی رازی ببێت بۆ ماوەی 6 ساڵ پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت و کار لەسەر گەڕاندنەوەی کەسایەتی نیوکاسل و گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ نێو رکابەرییەکان بکات.
 
نیوکاسل لەسەرەتای ئەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی خراپ بوون، بەڵام دوای ئەوەی یانەکە لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە کڕدرایەوە و ئیدی هاو بووە راهێنەری یانەکە، ئەنجامەکانی بەرەو باشی رۆیشتن و نیوکاسل مانەوەی لە پرێمەرلیگدا مسۆگەرکرد و لە ساڵی 2022 دوای لیڤەرپوول یانەکە دووەم یانەیە زۆرترین خاڵی لە یاریگەی خۆیدا بەدەستهێنابێت، کە 22 خاڵی کۆکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە