ئایا یاری ڤیاڕیال و خیتافی لە وەرزی رابردوودا فرۆشرابوو؟

17-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خیتافی ڤیاڕیال خۆرخێ مۆلینا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی خیتافی، بەشێوەیەکی رەها رەتیدەکاتەوە هەوڵیدابێت ئەنجامی یارییەکەی لەگەڵ یانەی ڤیاڕیال لە دوایین رۆژی وەرزی رابردوودا بە پارە کڕیبێت.

لە رۆژانی رابردوودا، سەرچاوەکانی هەواڵ یانەی خیتافییان بەوە تۆمەتبارکرد کە یاری بە ئەنجامی یارییەکەیان لەگەڵ ڤیاڕیال کردووە و گوتیان "خۆرخێ مۆلینای کاپتنی خیتافی ئاگادارە لەوەی یانەکەی پارەی بە 7 یاریزانی ڤیاڕیال داوە بۆ ئەوەی تیپەکەیان بەرامبەر خیتافی بەدۆڕان بدەن، لەپێناو سەرکەوتنی ئەو یانەیە بۆ چامپیۆنزلیگ".

یانەی ڤیاڕیالیش لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا بەرگری لە یاریزانەکانی کرد و رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک بەرتیلیان لە خیتافی یان هەر یانەیەکی دیکە وەرگرتبێت.

خیتافیش لەلای خۆیەوە، بڵاوکراوەیەکی دەرکرد، کە تێیدا هاتووە "خیتافی پشتگیری تەواوی خۆی بۆ مۆلینا دووپات دەکاتەوە، زۆریش نیگەرانین بەو تۆمەتانەی بەبێ بەڵگە خراونەتە پاڵ یانە و یاریزانەکانمان، ئێمە دووپاتیدەکەینەوە کە هیچ یاریزانێکی ئێمە دەستی لە پرسێکی وا قێزەوندا نییە".

یانەی خیتافی، هەڕەشەی پەنا بردنە بەر دادگاش دەکات و دەڵێت "مافی ئەوەمان هەیە سکاڵا لەسەر ئەوانە تۆماربکەین کە ئەو پرۆپاگەندانە بڵاودەکەنەوە".

هەروەها یانەی ڤیاڕیاڵیش دووپاتیکردەوە کە سەرقاڵی لێکۆلینەوەن لە سەرچاوەی ئەو هەواڵە دروستکراوانە بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر بکەرەکانیان تۆمار بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە