2 یاریزانی دیکەی خولی ئیتاڵیا تووشی کۆرۆنا بوون

رووداو - هەولێر

یانەی پارمای ئیتاڵی رایگەیاند، دوو لە یاریزانەکانی کەرەنتینە کردووە، لەبەرئەوەی ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

ئەو یانە ئیتاڵییە، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، رایگەیاند "لە یەکەم پشکنیندا ئەنجامی ئەو دوو یاریزانە پۆزەتیڤ بوو، بەڵام کە پشکنینەکانیان بۆ دووبارە کرایەوە، ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بوو، سەرەڕای ئەوەش هەردوو یاریزانەکە کەرنتینە کراون".

لە بڵاوکراوەکەی یانەی پارمادا هەروەها هاتووە "هەموو یاریزان و ئەندامان و کارمەندانی یانەکەمان، کە نزیکەی 60 کەسن، دووجار پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە و ئەنجامی سەرجەمیان نێگەتیڤ بووە، بێجگە لەو دوو یاریزانە، کە ئەوانیش هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان پێوە دیارنییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەرەنتینە کراون".

لە بڵاوکراوەکەدا، ئەو یانە ئیتاڵییە، روونیدەکاتەوە "ئەو دوو یاریزانە لە دۆخێکی تەندروستی زۆر باشدان و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان لێدەرنەچووە، بە بەردەوامی چاودێرییان دەکەین".

لە سبەینێوە یاریزانانی پارما، بێجگە لەو دوو یاریزانە، دەست بە مەشقە بەکۆمەڵەکانیان دەکەنەوە، دوای ئەوەی جۆزێپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، بەفەرمی رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکان دەربڕی.