تێنسی رۆما چووە قۆناخی هەشت

17-05-2019
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن تێنسی رۆما
A+ A-
رووداو - هەولێر

لە پاڵەوانێتی تێنسی رۆما و لەسەر ئاستی کوڕاندا، تێنسزانە پێشەنگە و ئەستێرەکانی پاڵەوانێتییەکە بردنەوەیان بەدەستهێنا و خۆیان گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.

رافایێل نادالی پاشای یاریگا گڵینەکان و خاوەن هەشت نازناوی تێنسی رۆما، رووبەڕووی نیکۆلا باسیلاشڤیلی بووەوە و یارییەکەشی زۆر بە ئاسانی و بەبێ هیچ زەحمەتییەک لێبردەوە.

نادال لە یارییەکە هێزی خۆی پیشاندا و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام بردەوە، ئەنجامی هەردوو کۆمەڵەکەش شەش یەک و شەش سفر بوون.

لە قۆناخی داهاتووشدا ماتادۆرە ئیسپانییەکە رووبەڕووی فێرناندۆ ڤێرداسکۆی هاونیشتیمانی دەبێتەوە.

لە یارییەکی دیکەدا نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سێربی و پێشەنگی تێنسزانان جیهان بە هەمان شێوەی نادال بە ئاسانی بردنەوەی تۆمارکرد و فیلیپ کۆلشرایبەری تێنسزانی ئەڵمانی لە پاڵەوانێتییەکەدا کردە دەرەوە.

ناونیشانی یارییەکەی جۆکۆ و فیلیپ دوو کۆمەڵەی بێوەڵام بوو، ئەنجامەکەشی شەش سێ و شەش سفر بوون.

لە قۆناخی هەشتیشدا جۆکۆ رووبەڕووی خوان مارتن دێلپۆترۆی تێنسزانی ئەرجەنتینی دەبێتەوە.

لە دوای رافا و نۆلی، ئەمجارە نۆرەی رۆجێر فێدێرێری مایسترۆی سوێسرییە، ئەو لەم قۆناخەدا رووبەڕووی بۆرنا کۆریچی تێنسزانی کرواتی بووەوە و یارییەکەی بە زەحمەت و بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک  لێبردەوە.

ئەنجامی کۆمەڵەکانیش دوو شەش، شەش چوار و حەوت شەش بوون، بەمەش رۆجێر هاوشانی ئەستێرەکانی پاڵەوانێتییەکە گەیشتە قۆناخی هەشتی تێنسی رۆما.

لە یارییەکی دیکەدا ستیڤانۆس تسیتسیپاسی یاریزانی لاوی یۆنانی، فابیۆ بۆرینی تێنسزانی خاوەن ماڵی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە.

تێنسزانە 20 ساڵییەکە یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام بردەوە، ئەنجامی هەردوو کۆمەڵەکەش شەش چوار و شەش سێ بوو، یارییەکەش کاژێرێک و 13 خولەکی خایاند.

لە قۆناخی هەشتدا تێنسزانە یۆنانییەکە رووبەڕووی رۆجێر فێدێرێر دەبێتەوە.

لەسەر ئاستی کچاندا ناۆمی ئۆساکای خانمە تێنسزانی ژاپۆنی و پێشەنگی خانمە تێنسزانانی جیهان، بە ئاسانی شکستی بە میخایلا پوزارنیسکۆی خانمە تێنسزانی رۆمانی هێنا.

لە یارییەکەدا ئۆساکا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێوەڵام بردەوە.

ئەنجامی کۆمەڵەکانیش شەش سێ و شەش سێ بوون.

سەرەڕای ئەوەی ئۆساکا لە پێشەنگی تێنسزانانی جیهانە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە قۆناخی هەشتی تێنسی رۆما.

لە یارییەکی دیکەدا جوانا کۆنتای خانمە تێنسزانی بەریتانی بۆ دووەم یاری لەسەریەک شکستی بە تێنسزانێکی ئەمریکی هێنا و ئەمجارە ڤینۆس ویلیامزی لە پاڵەوانێتییەکدا کردە دەرەوە.

پێش ئەم یارییە کۆنتا سلۆن ستیڤێنزی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە، ئەمجارەش بە دوو کۆمەڵەی بێوەڵام لە ڤینۆسی بردەوە.

ئەنجامی هەردوو کۆمەڵەکەش شەش دوو و شەش چوار بوون و یارییەکە کاژێرێک و 12 خولەکی خایاند.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە