رۆماریۆ دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆماریۆ، ئەستێرە و ئەفسانەی بەرازیلی، کە لە ساڵی 1994 لەگەڵ هەڵبژاردەی سامبا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا، لە تەمەنی 58 ساڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردنی تۆپی پێ و بۆ یانەی ئەمریکای بەرازیلی یاری دەکات.
 
رۆماریۆ کە لە سەرەتای ساڵی 2024 بووە بە سەرۆکی ئەو یانەیە، دەیەوێت وەک یاریزانیش یاری بۆ یانەکەی بکاتەوە، لەو کاتانەدا کە راهێنەر پێویستی پێیدەبێت.
 
هێرشبەرەکەی پێشووی یانەکانی وەک بارسێلۆنا، ئیسپانیا و ئایندهۆڤنی هۆڵەندا، لە ڤیدیۆ کلیپێکدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوبووەتەوە، گەڕانەوەی خۆی بۆ یاریکردن ئاشکرا کردووە، کە تێیدا ئەو بەڵگەنامەیە پیشان دەدات کە تۆمارکردنی ناوی خۆی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ لە یانەکەیدا دەسەلمێنێت.
 
رۆماریۆ، کە لە ساڵی 2009 وازی لە تۆپی پێ هێناوە، وەک یاریزانێکی یانەی ئەمریکا کە یانەیەکی بچووکە، بەڵام زۆر بەنێوبانگە لە ریۆ دی جانیرۆ، لەگەڵ رۆمارینیۆ کوڕی،  و ئەندرێی هێرشبەر یاری دەکات، کە ئەمەی دوایی شانبەشانی نەیمار و پاولۆ هێنریکی جانسۆ لە سانتۆس یاری کردووە.
 
رۆماریۆ کە بەهۆی ئەو یارییە بچووکانەی لەگەڵ هاوڕێکانی لە کەنار دەریادا بە بەردەوامی دەیکات، ئاستی خۆی پاراستووە، روونیکردەوە کە بەنیازە لەگەڵ مارکۆس ئەلێکساندەری راهێنەری یانەی ئەمریکا قسە بکات سەبارەت بەباشترین رێگە کە دەتوانێت لە یاریگەدا بەکاریبهێنێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی یانەکەی ریۆ، رۆماریۆ گرێبەستێکی واژۆکردووە، کە بەهۆیەوە تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یاری بکات، بۆ ئەوەش کەمترین مووچە وەک پاداشت وەردەگرێت، کە یاریزانەکەی پێشووی سامبا ئەو پارەیە بە یانەکەی دەبەخشێتەوە.
 
رۆماریۆ لە ماوەی یاریکردنیدا لەگەڵ یانەی ئایندهۆڤن و بارسێلۆنا و ڤالێنسیادا سەرکەوتوو بوو، جگە لە ئەزموونە ناوخۆییە دیارەکانی لەگەڵ ڤاسکۆ داگاما، فلامینگۆ و فلۆمینێنس، پێش ئەوەی گەشتێک بۆ خولە ئەمریکی و ئینگلیزییەکان بکات، هەروەها ماوەیەکی کورتیش یاری بۆ یانەی سەدی قەتەری کردووە.
 
رۆماریۆ هەمیشە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا زیاتر لە 1000 گۆڵی کردووە و دەڵێت ئەو لەدوای پێلێ و مارادۆنا باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە.