سیتی و ریال ئاڵۆزترین یاریی وەرز ئەنجامدەدەن و ئارسیناڵ چاوی لە مێژووە

17-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید یانەی مانچێستەر سیتی یانەی ئارسیناڵ یانەی بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکدا کە بەیاریی وەرزەکە بۆ هەردوو یانە دادەنرێت، مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداریی ریال مەدرید دەکات. براوەی یارییەکە و سەرکەوتوو بۆ قۆناخی داهاتوو، درێژە بەخەونی بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ دەدات.
 
رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک، خەریکە دەبێتە کلاسیکێکی باوی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە و لە دوو وەرزی رابردوودا، سەرکەوتوو لەو رووبەڕووبوونەوانە، نازناوەکەی بەدەستهێناوە، ئەو تیپەی ئەمساڵیش هەمان هەنگاو دەنێت، بەبەربژێری سەرەکی بردنەوەی نازناوی ئەمساڵ دەمێنێتەوە.
 
مانچێستەر سیتی کە لە یاریی چووندا ئەنجامێکی باشتر لە باشی بەدەستهێنا و بەیەکسانبوونێکی پڕ بەهاوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە گەڕایەوە، هێشتا یادەوەرییەکانی ساڵی رابردوو بەسەریدا زاڵن، کاتێک لە نێو ئیتیحاد شکستێکی ئابڕووبەرانەی تووشی ریال مەدرید کرد بەچوارینەیەکی بێوەڵام. یادەوەرییەکانی ئەو یارییە، هێشتا ختووکەی هەستی هەمووان دەدات لە مانچێستەر سیتی، بەڵام ئەگەریش هەیە ریال مەدرید ئەو تیپە نەبێت کە بەئاسانی مێژووی بەسەردا دووبارە بکرێتەوە.
 
بێرناردۆ سێلڤا، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، بەدووری دەزانێت لە یارییەکەی ئەمشەودا، سیناریۆی یاریی وەرزی رابردوو، دووبارە ببێتەوە، ئەو دەڵێ، "من زۆر راشکاوانە قسەتان بۆ دەکەم، تەماشای یارییەکەی ساڵی رابردووم نەکردووەتەوە. لەبەرئەوە کاتێک بیری لێدەکەمەوە، هەستبەوە دەکەم کە ئەوەی ساڵی رابردوو لە یاریگەدا کردمان جیاوازبوو، ئێمە باسی دوو وەرزی جیاواز دەکەین. یاریی تۆپی پێ ناکرێ دووبارە ببێتەوە، لەبەرئەوە هەستدەکەم ریال مەدرید ئەمساڵ بەهێزترە لە ساڵی رابردوو، ئەوە هەستێکە کاتێک بۆم دروستبوو کە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕوویان بووینەوە، بێگومان ئەوانیش ویستی ئەوەیان دەبێت کە تۆڵەی ئەو ئەنجامە بکەنەوە، لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە یارییەکەی ئەمجارە جیاواز دەبێت".
 
ریال مەدرید پێویستی بەلەبیرکردنی ئەو شکستە ئازاربەخشە هەیە کە وەرزی رابردوو لەهەمان یاریگەدا تووشی بوو، هەمووان پێیانوایە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، پێویستی بەوە هەیە ئەمشەو واز لە خۆپارێزی و دەستگرتن بەئەنجامی یارییەکەوە بهێنێت و بەپشتبەستن بەئەزموونی گەورەی کاری راهێنەرایەتی خۆی، کار بۆ تێپەڕاندنی سیتی بکات.
 
جود بێلینگهام، کە یەکەمجارە وەک یاریزانی یاریزانی یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە لە ئیتیحاد دەڵێ، "چاوەڕێی یارییەکی دیکەی جیاواز لە هەموو یارییەکانی دیکە دەکەین. من پێشتر گوتوومە، ئەم جۆرە یارییانەن پاڵت پێوەدەنێن بۆ ئەوەی ببیتە یاریزانی ریال مەدرید، من زۆر بەجۆشوخرۆشم بۆ یارییەکە و بەتاسەم بۆ ئەو ساتەی دەستپێدەکات".
 
دوو ساڵی رابردوو، ئەنجامەکانی بەیەکگەیشتنی هەردوو تیپ، بیرەوەریی زۆر و رووداوی سەرنجڕاکێشی گەورەی لای هەردوو یانە دروستکردووە، بەڵام ئەمشەو هەردوو تیپ پێویستیان بەفڕێدانی بەرگی یادەوەرییەکانی رابردوو و کارکردن بۆ ئێستا هەیە، کە بۆی هەیە سەروەرییەکی دیکە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە، بەهەر یانەیەک ببەخشێت کە ئەمشەو بەبراوەیی یاریگە بەجێدەهێڵێت.
 
ئارسیناڵ و گەڕان بەدوای مێژوودا
 
دوایین بەرە بۆ جەنگان و دوایین ئومێد بۆ سەرکەوتن لە وەرزێکی پڕ شکستی بایرن میونشندا، تەنیا بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ و پێشاندانی ویستی گەورەیە بۆ بردنەوەی نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە، پاشئەوەی لەنێو سنووری نازناوەکانی ئەڵمانیادا، یانەکە هەموو شتی لەدەستدا.
 
بایرن کە سەرەتای ئەم هەفتەیە ناچاربوو پیرۆزبایی لە لیڤەرکوزن بکات بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی بۆندێسلیگا لە مێژوویدا، عەرشی خولە نێوخۆییەکەی بۆ رکابەرەکەی بەجێهێشت و لە جامیشدا دەمێکە ماڵئاوایی کردووە، تاکە رێگە بۆ گەیشتن بەنازناوێک، رێگە پڕ لە هەوراز و نشێو و مەترسییەکەی چامپیۆنزلیگە و ئەو رێگەیە لەبەردەم ئالیانز ئارێناوە دەکرێ ئەمشەو، بەئاراستەی وێمبڵی لە لەندەن، کە یاریی کۆتایی لە خۆ دەگرێت، دەستپێبکات.
 
میونشن لە یاریی چووندا، ئارسیناڵی تووشی شۆککرد و پێشانیدا ئەزموونی دەوڵەمەندی یانەکە لەو پاڵەوانێتییە، چەندە دەتوانێت بەهانایەوە بێت، بەڵام تەواوکردنی رێگەکە، پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە. هەلەکەش بۆ توخێل و یاریزانەکانی گونجاوە، ئەگەر بتوانن شێواویی ئارسیناڵ لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە، دەنا وەرزەکە ناوی وەرزێکی دەستبەتاڵ بۆ لەبیرچوونەوەی لێدەنرێت لە باڤاریا.
 
هاری کەین، یاریزانی یانەی بایرن میونشن، پێیوایە بەدەستنەهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، وەرزی یانەکەی دەکاتە وەرزێکی شکستخواردوو.
هاری کەین دەڵێ، "بۆچوونی یانەکە وایە ئەگەر ئێمە دەستبەتاڵبین ئەمساڵ، وەرزەکە شکستخواردووە، بەڵام ئێستا هەموو ئەوەی دەتوانین ئەنجامی بدەین  ئەوەیە کە لە هەنگاونان بەردەوام بین و جارێکی دیکە هەوڵی گۆڕانکاریی بدەین. لەبەرئەوە بەڵێ پێموایە ئێمە لە راستییەکی تاڵدا دەژین. دەکرێ لە تەواوی وەرزەکەدا کاری باش بکەین، بەڵام لە کۆتاییشدا دۆڕاوبین. من پێموانییە کارەکە بەو خراپییەبێت ئەمجارە، چونکە زۆر شت هەیە کە کاریگەریی لەسەر دۆخەکە دروستدەکات، بەڵام گرنگترین شت بۆمان ئەوەیە کە ئێمە هەلی گۆڕینی وەرزەکە بقۆزینەوە، ئەگەر بتوانین نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە. چونکە هێشتا پاڵنەرمان هەیە و هەموو یاریزانەکان دەتوانن دەستبەئومێدەوە بگرن".
 
ئارسیناڵ لە یاریی چووندا بەئومێدێکی زۆرەوە رووی لە یاریگەکرد. بەڵام یەکسانبوون لەگەڵ میونشن، بنمیچی پێشبینییەکانی بۆ یانەکە زۆر هێنایە خوارەوە، ئەوەی زیاتر دۆخەکەی ئارسیناڵی ئاڵۆزکرد، شکستی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ بوو، کە وایکرد یانەکە پێشەنگی خولەکە لەدەستبدات، بەڵام هێشتا ئومێد بەوە هەیە ئەو شکستە، پاڵنەر بۆ تیپەکە لەپێناو گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، دروست بکات.
 
لیاندرۆ ترۆسارد، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، باس لە کاریگەریی شکستی یانەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا، لەسەرەتای هەفتە لە پرێمەرلیگ دەکات، ئەو دەڵێ، "دەتوانم بڵێم هەمووان ئامادەن، پێموایە دەکرێ ئەوەی روویدا وەک پەرچەکردار بەکاربهێنین، ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئێمە لە شانۆیەکی گەورەدا، لەبەرئەوە پێموایە هەمووان دەتوانن ئەوە پێشان بدەن کە لەتوانایاندا هەیە و باشترین رێگەش بۆ وەڵامی شکستەکە، ئەوەیە کە ئەمشەو کارەکەی خۆمان بەباشترین شێوە ئەنجام بدەین".
 
ئێستا هەردوو یانە، بایرن میونشن و ئارسیناڵ، لەبەردەم ئەو تایتڵەدان کە دەڵێ وەرزەکە شکست و کۆتاییەکە خەماوی بوو، بەڵام ئەوەی ئەمشەو دەباتەوە، دەتوانێ ناونیشانەکە بەو ئاراستەیە بگۆڕێت، کە خۆی دەیەوێت و خەونی پێوە دەبینێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە