ڤیدیۆ؛ بایرن گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی و ئارسیناڵی لە مۆندیال بێبەشکرد

18-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرن میونشن
بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمنانی خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بەدەستهێنا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە ئەڵمانییەکە یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرانبەر بردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا هەردوو یانە بە هەستیارییەکی زۆرەوە یارییاندەکرد، دوای چەند هێرشێکی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی، یاریزانانی هیچ یەکێک لە یانەکان نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن و نیوەی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا هەردوولا هەوڵیاندەدا گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام ئەوەی سەرکەوتوو بوو خاوەن یاریگە بوو، کاتێک جۆشوا کیمیچ لە خولەکی 63 بەلێدانێکی سەر گۆڵێکی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو تاکە گۆڵە مایەوە، بایرن میونشن 1-0 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
بە دۆڕاندنی لەم یارییەدا، یانەی ئارسیناڵ کاروانەکەی لە چامپیۆنزلیگدا کۆتاییهات، جگە لەوەش یانەکە هەلی بەشداریکردنی لە جامی جیهانی یانەکاندا لەدەستدا، کە ساڵی 2025 یارییەکانی لە ئەمریکا بەشێوازێکی نوێ بەڕێوەدەچن.
 
جۆشوا کیمیچ، یاریزانی یانەی بایرن میونشن کە گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد، وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە خەڵاتکرا.
 
مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد و بووە یەکەم گۆڵپارێز لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا 58 کیلن شیتی هەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە