ڤیدیۆ؛ خوان لاپۆرتا هێرش دەکاتە سەر ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، بەرگری لە یانەکەی کرد، بەرامبەر بەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، گوایە بەرتیلی بە ناوبژیوانان داوە. 
 
ئەمە پوختەی لێدوانەکانی خوان لاپۆرتایە:
 
ئەم یانەیە نموونەی یاریی خاوێن و بەها وەرزشییە بەرزەکانە. کاتێک سەردەکەوین بەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، کاتێک دەدۆڕێین پیرۆزبایی لە براوەکان دەکەین و بەدوای بیانوودا ناگەڕێین، ئەمانە بەهاکانی ئێمەن. کاتێک ئەم مشتومڕە لەسەر دۆسییەی نێگریرا لە میدیاکانەوە دەستیپێکرد، دڵنیابووین کە هەڵمەتێک بوو بەرامبەر بە یانەکەمان و بە رێککەوت رووینەداوە. بەڵام بارسێلۆنا هەرگیز بەشداریی لە چالاکییەکی گوماناویدا نەکردووە. هیچ کەسێک ناتوانێت بیسەلمێنێت کە ئێمە ناوبژیوانمان کڕیوە، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ شتێک نییە. خاڤیێر تێباس بەشێوەیەکی نابەرپرسانە بەڵگەنامەی هەڵەی پێشکێشکرد و ناوبانگی رکابەرییەکەی لە کەدارکرد. یانەیەک هەیە گلەیی لەسەر بابەتەکە هەیە و باسی ئەوە دەکات کە نادادپەروەری کراوە، من مەبەستم ریال مەدریدە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو سوودێکی زۆری لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان وەرگرتووە و لە سیستمەکەوە نزیکبووە، ماوەی 70 ساڵە ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سیستمی ناوبژیوانی وەرزشی وڵاتەکەم، ئەندام و یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن.