خوان لاپۆرتا: 70 ساڵە ناوبژیوانان لە بەرژەوەندی ریال مەدریدا بڕیار دەدەن

17-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەموو شتێکی لەبارەی بابەتی نێگرێرا و تۆمەتەکانی بەرتیلدان بە ناوبژیوانان لە لایەن بارسێلۆناوە باس کرد. هێرشێکی تووندیشی کردە سەر ریال مەدرید و ئەو یانەیەی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە پشت ئەو تۆمەتانەوەیە کە دراونەتە پاڵ یانەکەی و گوتی "ماوەی 70 ساڵە ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سیستمی ناوبژیوانی وەرزشی وڵاتەکەم، ئەندام و یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن".
 
 
خوان لاپۆرتا، لە بارەی بارسێلۆناوە، گوتی "ئەم یانەیە نموونەی یاریی خاوێن و بەها وەەرزشییە بەرزەکانە". هەروەها گوتی "کاتێک سەردەکەوین بەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین، کاتێک دەدۆڕێین پیرۆزبایی لە براوەکان دەکەین و بەدوای بیانوودا ناگەڕێین ئەمانە بەهاکانی ئێمەن!".
 
خوان لاپۆرتا، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "کاتێک ئەم مشتومڕە لەسەر دۆسییەی نێگریرا لە میدیاکانەوە دەستیپێکرد، دڵنیابووین کە هەڵمەتێک بوو بەرامبەر بە یانەکەمان و بە رێککەوت رووینەداوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی کۆمپانیایەکی سەربەخۆوە لێکۆڵینەوەمان کردووە و ئێستا دەتوانین باس لە وردەکارییەکان بکەین".
 
ئەو دووپاتیشیکردەوە "بارسێلۆنا هەرگیز بەشداریی لە چالاکییەکی گوماناویدا نەکردووە، بۆ ئەوەی ناوبژیوان بەدەستبهێنێت بۆ بردنەوەی نازناوەکان".
 
خوان لاپۆرتا، بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە، گوتی "هیچ کەسێک ناتوانێت بیسەلمێنێت کە ئێمە ناوبژیوانمان کڕیووە، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ شتێک نییە".
 
هەروەها گوتیشی "دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەبێت رێگەبدەین دادپەروەری کاری خۆی بکات، ئێمە کۆمپانیایەکی سەربەخۆمان بۆ لێکۆڵینەوە بە کرێ گرتووە و بارسێلۆنا هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ پرسێکی گوماناوییەوە نییە".
 
سەرۆکی بارسێلۆنا، هێرشی کردە سەر خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگاش و گوتی "هەندێک کەس پۆستەکانیان خراپ بەکارهێناوە، خاڤیێر تێباس بەشێوەیەکی نابەرپرسانە بەڵگەنامەی هەڵەی پێشکێشکرد و ناوبانگی رکابەرییەکەی لە کەدارکرد".
 
خوان لاپۆرتا، دووپاتیکردەوە "بارسێلۆنا بەبێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو سزادرا، ئەمەش مەترسییە بۆ ناوبانگی یانەکە، دادوەری و ناوبانگی تۆپی پێ".
 
سەرۆکی بلاوگرانا زیاتر لەبارەی تێباسەوە گوتی "خاڤیێر تێباس زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکات، کەسێکی پیشەیی نییە، ئەو بەردەوام بابەتەکە دەوروژێنێت و بەڵگەنامەی ساختەی ناردووە".
 
لاپۆرتا سوپاسی سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا، روبیالێس و سەرۆکی فیفای کرد، کە بەشدارییان لە دۆسییەکەدا نەکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت.
 
خوان لاپۆرتا، دواتر هێرشی کردە سەر ریال مەدرید و راشکاوانە گوتی "یانەیەک هەیە گلەیی لەسەر بابەتەکە هەیە و باسی ئەوە دەکات کە نادادپەروەری کراوە، من مەبەستم ریال مەدریدە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو سوودێکی زۆری لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان وەرگرتووە و لە سیستمەکەوە نزیکبووە، ماوەی 70 ساڵە ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سیستمی ناوبژیوانی وەرزشی وڵاتەکەم، ئەندام و یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن".
 
هەروەها گوتیشی "پەیوەندیکردنی ریال مەدرید بە هەڵمەتەکەوە گاڵتەیەکی گەورەیە.
 
لە کۆتاییدا، گوتیشی "ئەوەی ریال مەدرید کردوویەتی زۆر خراپە، هیوادارم کاتێک کاتی دادگاییکردنەکە دێت شتەکە لە دژی ئەوان پێچەوانە ببێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی کۆپا ئەمریکایان بەرزکردووەتەوە، وێنە: AFP

ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکای 2024ـی بردەوە

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ دووەم جار لەسەر یەک و 16ـەم جار لە مێژووی خۆی، توانی ناسناوی کۆپا ئەمریکا بباتەوە. ئەرجەنتین لە تەواوی پاڵەوانیێتییەکەدا تەنیا یەک گۆڵی لێکرا.