ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەوامە لە گوشار خستنە سەر ریال مەدرید

Photo by Pierre-Philippe MARCOU / AFP
رووداو دیجیتاڵ

شەمەندەفەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەوامە لە شێلانی رکابەرانی لە لالیگادا و تیپەکەی سیمیۆنی بەردەوامە لە گوشارخستنە سەر ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندیی خولەکە.
 
تیپەکەی مەدرید لە گەڕی 29ـی خولی ئیسپانیادا، شەشەم سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا و لەنێو یاریگەی میترۆپۆلیتانۆدا ئەمجارەیان بە ئەنجامی 2-1 لە ئەلمێریای میوانی بردەوە.
 
هەرسێ گۆڵی یارییەکە لە نیوەی یەکەمدا تۆمارکران، کە ئانتوان گریزمانی فەرەنسی بە تۆمارکردنی هەردوو گۆڵی ئاتلێتیکۆ پیاوی یارییەکە بوو.
 
گریزمان لە 5 خولەکی یەکەمدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاون ماڵ تۆمارکرد، بەڵام لە خولەکی 37 ئەلمێریا بە هاوکاریی خۆسێ ماریا خیمێنیزی بەرگریکاری مەدریدییەکان گۆڵی یەکسانبوونەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد، کاتێک ئەو یاریزانە بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کرد.
 
دوو خولەک بەر لە کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم، گریزمان درێژەی بە ئاستە بەرزەکەی دا و گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد، کە 11ـەمین گۆڵی ئەم وەرزەی بوو لە لالیگادا.
 
تیپەکەی سیمیۆنی بەم سەرکەوتنە بەردەوامیدا بە گۆشارخستنە سەر ریال مەدریدی هاوشاری لەسەر پلەی دووەمی ریزبەندی، کە ئێستا 60 خاڵی هەیە لە پلەی سێیەمدا و تەنیا دوو خاڵ لە ریال مەدریدی دووەمەوە دوورە. لە کاتێکدا ئەلمێریا 30 خاڵی هەیە و پلەی 17ـی ریزبەندی گرتووە.